Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نووری عوسمان: دۆخه‌كه‌ درێژە بكێشێت، كاریگەریی خراپی لەسەر وەبەرهێنانی عێراق دەبێت

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران رایدەگەیێنێت، درێژەكێشانی ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە، كاریگەری لەسەر وەبەرهێنانی عێراق و كوردستانیش دەكات، هەروەكچۆن ئێستا كاریگەری لەسەر بواری بازرگانی داناوە و ئەم كاریگەرییەیش لە داهاتوو رەنگدانەوەی دەبێت، ئەگەر دۆخەكە كۆنتڕۆڵ نەكرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسە عێراقییەكان، بە هۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی بەسڕاوە، رێڕەوی بازرگانی لە عێراق گۆڕدراوە و رێگای ئاوی لەجیاتی وشكانی بەكار دەهێندرێت، هاوكات كاریگەریی خراپی لەسەر گەشەی ئابووری و كشانەوەی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان داناوە، بەشێك لە وڵاتانی جیهانیش هۆشدارییان داوە بە خاوەن كاری كۆمپانیاكان و هاووڵاتیانی خۆیان كە بارودۆخی عێراق جێگیر نییە و دەبێت ئاگاداری خۆیان بن، جیا لەوەی بازرگانەكانی عێراق لە دڵەراوكێدان، لە نامەیەكیشدا بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق، خاوەن سەرمایەكانی عێراق داوایان كردووە كە حكوومەت پارێزگارییان لێ بكات و رێگا نەدرێت دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت.

 د. نووری عوسمان، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هێشتا نازانین دۆخی عێراق بەرەو كوێ دەچێت، بەڵام ئەوە دەزانرێت كە ئەگەر دۆخەكە درێژە بكێشێت، كاریگەریی خراپی لەسەر وەبەرهێنانی عێراق دەبێت، وەك ئێستا لەسەر بواری بازرگانیی عێراقی كردووە، واقعێكیش هەیە لەگەڵ هەر كاردانەوەیەك لەسەر وەبەرهێنانی عێراق، لە كوردستانیش رەنگدانەوەی دەبێت، بۆیە جارێ نازانین كاریگەرییەكە قەبارەكەی چەندە".

بە گوتەی عوسمان، ئەوەی رووی داوە، پرسێكی سیاسیی گەورەیە و لێكەوتەی سیاسییشی دەبێت، بە تایبەت لەو شوێنەدا كە دۆخەكە تێیدا خوڵقاوە و بە سەنتەری بازرگانی عێراق دادەنرێت كە ئەویش بەسڕایە، چونكە بەشێكی زۆری هاوردەی عێراق لە بەسڕاوەیە و لەوێ رێگای وشكانی و ئاو و ئاسمانی هەن.

 

راژیار هەورامی