Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و یەکێتی بە هاوبەشی لە بەغدا گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنەکان کرد

بەغدا-KDP.info-  شاندی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی و مەلا بەختیار بەشداری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بوون.

ئەمڕۆ شاندێکی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ کۆبوونەوە کە گشت لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەوێ بەشدار بوون.
دوای کۆبوونەوەکە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ میدیاکان دوا و باسی لەوە کرد کە یەکێتی و پارتی بە هاوبەشی هاتوونەتە بەغدا و لە حەفتەی دابێیش پڕۆژەیەکی هاوبەش دەنووسرێ لەبارەی پرسی ئابووری و ناوچە جێناکۆکەکان و زۆر بواری دیکەی کوردستان پێوەست بە عێراق و دواتریش مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و رەوایەتی بە پڕۆژەکە دەدات.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ کە لەسەر داوای سەرۆککۆمار رێکخرابوو، مەلا بەختیار دەڵێ، هەموو لایەنە سیاسییەکان تێڕوانینیکی نوێیان بۆ عێراق هەبوو، باسی خۆپیشاندانیش کرا و چۆنیەتی رێگەچارەی رەوای خۆپیشاندانی عێراق خرایە ڕوو.
مەلا بەختیار ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کرا کە دادگای باڵای فیدراڵ بە زووییی بڕیار لە ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق بدات، بۆ ئەوەی بتوانرێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بکرێ.

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق، مەلا بەختیار نایشارێتەوە کە هێشتا رێککەوتنی شیعەکان نەکراوە و سوونەکانیش خۆیان کۆنەکردووەتەوە، تەنیا کورد بە تایبەت پارتی و یەکێتیی بە هاوبەشی پڕۆژەیەکیان هەیە و ئێمە خۆمان کۆکردووەتەوە و لە ئێستادا بەیەکەوە هاتووین و لە داهاتوویشدا هەر بەیەکەوە دێین.