Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەولێر.. بۆ چارەكردنی گرفتی كەمئاوی، دەست بە ئەنجامدانی رێكاری خێرا كراوە

 

هەولێر-KDP.info- هێشتا لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر گرفتی كەمئاوی هەیە و، قایمقامی شارەكەیش باس لەوە دەكات كە گرفتەكان لە چەند گەڕەكێكی هەولێر بەرەو چارەكردن چوون. دەشڵێت، كاری سەرەكییان بەدواداچوون دەبێت بۆ ئەو شوێنانەی ئاوی گشتی بەفیڕۆ دەدەن و رێكاری پێویستیان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.

لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا، چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر تووشی گرفتی كەمئاوی بوون، دواتر پارێزگای هەولێر چەند رێكارێكی گرتە بەر لە پێناو چارەكردنی ئەو گرفتەدا، یەكێك لە رێكارەكان ئەوە بوو كە چەند تۆڕێكی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر زیاد كران، كە بە هەنگاوێكی سەرەكی دادەنرێت بۆ چارەكردنی ئەو گرفتە، بەشێكی دیكەیش دانانی ئالییەتێكە بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی ئاوارەكان كە پێشتر ئالییەتی گەیاندنی ئاوەكە گرفتی بۆ سەنتەری شاری هەولێر دروست كردبوو، بۆیە بڕیارە هەنگاوی خێرا بۆ چارەكردنی ئەو گرفتە بگیرێتە بەر، چونكە بەشێكی گرفتەكە پەیوەندی بە گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەكانی كوردستانەوە هەیە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە و بەشێكی دیكەیش هۆكاری ناخۆیین.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لیژنەیەك بۆ چارەكردنی ئەو پرسە پێك هێنراوە، دوێنێ 17\7 یەكەم رێكاری خێرا گیرایە بەر و شەش نووسینگەی شوشتنی ئۆتۆمبێل كە ئاویان لە سەرچاوەكانی ئاوی گشتی راكێشاوە، داخراون. هەروەها دەست كراوە بە لادانی ئەو باخچە نوێیانەی دروست دەكرێن و مۆڵەتی باخچەیش نادرێت، ئەو باخچانەی كە كۆنن دەستكاری ناكرێن، چونكە پێشتر كاریان لەسەر كراوە، ئەمە جگە لەوەی تۆڕی گەیاندنی ئاو زیاتر كراوە و بیری زیاتر بۆ پركردنەوەی ئاوەكان لێ دراوە كە سەرجەمیان رێكاری خێران بۆ ئەوەی گرفتی كەمئاوی لە هەندێك لە گەڕەكەكانی هەولێر چارە بكرێت".

عەبدولحەمید گوتیشی: "لیژنەكە بەدواداچوونی خێرا دەكات بۆ چارەكردنی گرفتی كەمئاوی و، ئەو شوێنانەیش كە ئاویان لەسەر ئاوی گشتی راكێشاوە و بۆ كاری تایبەت بەكاری دەهێنن، دادەخرێن".

قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، هەروەها ئەوەشی خستە روو، لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم رێكارانەدا، كە لە دوێنێوە دەستیان پێ كردووە، چاوەڕێ دەكرێت ئەو گرفتە چارە ببێت و ناكرێت ئاو بەفیڕۆ بچێت.

 

راژیار هەوارمی