Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ڕێی سیستانییەوە، خۆپێشاندەران ٣ ڕۆژ مۆڵەتیان داوە بە بەغدا


بەغدا-KDP.info-  نوێنەری خۆپێشاندەرە ناڕازییەکانی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، داواکاریی نوێیان ڕاگەیاند کە لە ١٤ خاڵ پێک‌دێت.
نوێنەری خۆپێشاندەران، ئەم داواکاریانەیان داوە بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، تا لە ڕێگەی ئەوەوە ئاراستەی حکوومەت بکرێ و جێبەجێیشی بکات.

خۆپێشاندەران دەڵێن، ٣ ڕۆژیش دەدەن بە حکوومەت تا وەڵامی داواکارییەکانیان بداتەوە کە ئەمانەن:

1- ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجوومەنە لۆکاڵەکان، هەروەها خانەنشینەکانیان هەڵوەشێندرێتەوە، هاوکات ژمارەی پەرلەمانتاران کەم بکرێتەوە بۆ یەک لە چوار و، یانیش لە هەر پارێزگایەک دوو نوێنەر هەبن لە لیژنەی نووسینەوەی یاساکان و ئەو خزمەتگوزاریانەی پارێزگایەک پیویستیەتی.
2-  خانەنشینیی سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران، پەرلەمانتار و جێگر وەزیر و بەڕیوەبەرە گشتییەکان، هەروەها مووچە تایبەتەکان هەڵوەشێندرێنەوە.
3-  نووسینگە پشکنێەرییەکانی کۆی وەزارەتەکان هەڵوەشێندرێنەوە، چونکە کاریان پشک پشکێنەی دزی و پەردەپۆشکردنی گەندەڵی بووە.
4- دەستەی نەزاهە و نووسینگەکانی لە کۆی پاریزگاکان هەڵوەشێندرێنەوە، چونکە گەندەڵکاران دەپارێزن، هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەبەر ئەوەی تەزویریان لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا کردوووە و لێپێچینەوە لەگەڵیاندا.
5- هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینیی پەرلەمانتارانی کۆی خوولەکانی پەرلەمان، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی یاسای تایبەت بە ئیمتیازی پەرلەمانتاران و دەبێ مووجەکانیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لێ بکرێ، هەروەها خانەنشینکردنیان هاوتای خانەنشینیی فەرمانبەرێکی ئاسایی بێ.
6- دەبێ ئیدارەی فڕگەی نەجەفی شەریف لا بدرێن و بدرێن بە دادگا، ئەوەشیان لێ بستێندرێتەوە کە دزیویانە.
7- دەبێ دادگایەک پێک‌بهێندرێ بە ناوی "دادگای گەل"، ئەندامان لە لایەن گەل و مەرجەعیەتەوە هەڵبژێدرێن، تا دادگایی ئەو گەندەڵ و دز خیانەتکارانە بکات کە لەوەتەی ڕژێمی پێشوو نەماوە تا بە ئێستا دەگات گەندەڵی دەکەن و سامانی گشتی دەدزن و، دادگایی بکرێن.
8- بۆ دامەزراندنی خێرای وێستگەی کارەبا، لەگەڵ ئەڵمانیا ڕێککەوتن بکرێ، هەروەک ئەوەی میسر بۆ دامەزراندنی ٣ وێستگە بە بڕی ٢ ملیار دینار بۆ هەریەکەیان لەگەڵیدا کردوون.
9- لیژنەیەک لە کۆی مەرجەعەکان و نوخبەی یاساناسان لە زانکۆکانی عێراق پێک‌بهێندرێ، بۆ ئەوەی ئەو بڕگە دەستووریانە هەموار بکەنەوە کە بە پیوەری خۆیان دایانڕشتوون و خزمەت بە گەل ناکەن.
10- یاسای سانتلیگۆ هەڵبوەشێندرێتەوە و بە یاسای زۆرینەی دەنگەکان بگۆڕدرێ، هەروەها ڕێ بدرێ بەوەی تاک و کەسانی سەربەخۆ بەبێ پشتیوانیی حزب خۆیان بپاڵێون و گەرەنتیی ئەوە بکات.
11- کۆمپانیاکانی حزب وەلا بنرێن کە دەستیان بەسەر پڕۆژەکاندا گرتووە و دزیی لە وڵات دەکەن و، ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا بکرێ.
12- دامەزراندن بە میکانیزمی نوێ بێ، مافی هەمووانی تێدا گەرەنتی بکرێ و ڕێ لە گەندەڵکاریی دەستەڵات لە دامەزراندندا بگیرێ.
13- دەبێ پشکی هەر تاکێک لە بەرهەمهێنانی نەوتدا، یەکسان بێ بە باج کە حکوومەت بەسەریدا سەپاندووە، یانیش خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو و تەندروستی  ئەوانی تر خۆڕایی بن.
14- هەڵوەشاندنەوەی یاسای بڕەپارەی بەشەکارەبا و نەوت و غاز، چونکە پڕۆژەیەکە لە بەرژەوەندیی حزبەکانی دەستەڵاتدایە و لەسەر حیسابی خەڵکی هەژار و فەرمانبەر و کەمداهاتە.

زریان زیاد