Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە پارێزگای دھۆک ھەڵمەتی داماڵینی چەکی بێمۆڵەت دەست پێ دەکات

 

دهۆك-KDP.info- پۆلیسی دھۆک لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری داماڵینی چەکی بێمۆڵەت خۆی ئامادە دەکات. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دھۆک دەڵێ، ھەرسێ بڕیاری لیژنەی ئەمنیی پارێزگای دھۆک وەک خۆیان جێبەجێ دەکەن.

 

ڕائید ھێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوابەدوای دەرچوونی بەیاننامەی لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای دھۆک، دوێنێ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی پارێزگای دھۆک، لیوا تارق، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دھۆک لەگەڵ ھەموو بەشەکان کۆ بووەتەوە و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی ھەرسێ بڕیارەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای دھۆک کردووە، کە ئیدی نابێ بە ھیچ شێوەیەک دیاردەی چەکھەڵگرتنی بێمۆڵەت لە پارێزگای دھۆک بمینێت و ڕێوشوێنی ئەمنی و یاسایی دەگرنە بەر."

 

کۆتاییی مانگی ڕابردوو لیژنەی ئەمنیی پارێزگای دھۆک بۆ زیاتر پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییان و نەھێشتنی حاڵەتی کوشتن سێ بڕیاری دەرکرد و تێیدا مۆڵەتی پازدە ڕۆژی بە ھاووڵاتییانی دھۆک دا کە چەکی بێمۆڵەت ڕادەستی ھێزە ئەمنییەکان بکەن، بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت."

 

دوای زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن، ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی دا لە ھەبوونی چەکی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ ساڵیانە و دەستی بە داماڵینی چەک کرد. ڕائید ھێمن سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێشتریش ھەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت قەدەغە بووە و جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش نابێ چەک لای ھاووڵاتییانی سڤیل بێت."

 

لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا سەبارەت بەوەی کەی ھەڵمەتی داماڵینی چەکی بێمۆڵەت لە دھۆک دەست پێ دەکات، گوتەبێژی پۆلیسی دھۆک ھیچ وادەیەکی دەستنیشان نەکرد.

 

قائید میرۆ