Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەمید سەرحەد: ھەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، سیاسییە

 

كەركووك-KDP.info-  بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك گوتی، بە بڕیاری حكوومەتی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك ھەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش بڕیارێكی سیاسییە و دەزانن ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە دەست كورددا بووە، بۆیە ھەڵیانوەشاندووەتەوە.

لەسەر داواكاریی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت و بە بڕیارێكی سەربازی، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق بڕیاری دا بە ھەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك و، ئەفسەر و پۆلیسەكانیشی رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك كراونەتەوە.

لەو بارەیەوە، عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووكی دەركردووە، ئەمەش بڕیارێكی سیاسییە و ئەوەی پێیان بكرێت دژی كەركووك دەیكەن و، ئەگەر بتوانن ئەنجوومەنی پارێزگایش ھەڵدەوەشێننەوە".
قادر گوتیشی، ئەو بڕیارانە ھەمووی لە بەغدا دەدرێن و سیاسین و خەڵكێكی دیكەیشی لە پشتەوەیە. بە بێ ئەوەی ئاماژە بەو خەڵكانە بكات.

بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك باسی لەوەش كرد، ھۆكاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بە دەست كوردەوە بووە، بۆیە نایانەوێت كورد ھیچ رۆڵێكی لە كەركووك بمێنێت، ئەگەر نا ئەو بەڕێوەبەرایەتییە رۆڵێكی بەرچاوی ھەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا.

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك لەوێ نەماوە و ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییش دەستیان بەسەر ناوچەكەدا گرتووە، هەروەها پارێزگاری كەركووكیش بە وەكالەت بە ئارەزووی خۆی بڕیار دژی كورد دەردەكات و ھەر پۆستێكیش بە دەست كوردەوە بێت، لێیان وەردەگرێتەوە.

بڵند ئیبراھیم