Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی و یەکێتی بە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی دەچنە بەغدا

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە راگەیاندرا کە پارتی و یەکێتی بە پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی دەچنە بەغدا.

ئەمڕۆ دووشەممە 16/7/2018، بە مەبەستی دروستکردنی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتیمانی، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، مەحموود محەمەد، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان روونکردەوە و وەڵامی چەند پرسیارێكی رۆژنامەنووسانیان دایەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رایگەیاند:" کۆبوونەوەکان هەفتانە دەبێت و ئامانج لێی دروستکردنی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتیمانییە، دەرگاشمان واڵایە بۆ هەر لایەنێکی دیکە کە بیەوێت بێته‌ ناو هاوپەیمانێتییەکە". لەبارەی نزیکبوونی لایەنە کوردییەکان لە لایەنێکی دیاریکراوی عێراقی، سەعدی پیرە گووتی: " ئێمە ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و پۆستیک نییە، ئەو کەسە لە ئێمە نزیکە کە مافەڕەواکانمان بەدیدێنێت".

لای خۆیەوە مەحموود محەمەد، دووپاتی کردەوە کە دەرگایان واڵادەبێت بۆ هەموو لایەنە کوردستانییەکان و "پڕۆژە نیشتیمانییەکەشیان لەبارەی ژیانی خەڵک و سیاسەت و پرسە نەتەوەیەکان دەبێت لەگەڵ بەغدا". لەبارەی خۆپیشاندەکانی باشووری عێراق، گوتەبێژەکەی یەکێتی گووتی: " ئێمە لەگەڵ داوای رەوای خەڵکین بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری و ژیان، بەڵام دژی هەڵکووتانە سەردامودەزگا حکوومی و حزبییەکانین". لەبارەی ئەجێندای پارتی و یەکێتی بۆ حکوومەت داهاتووی عێراق، مەحموود محەمەد گووتی: "ئێمە دەبێت یەک شاند بین و یەک پەیاممان هەبێت. دەبێت لە دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پرسمان پێبکرێت و کارنامەی حکوومەتیش، لایەنه‌ سیاسییەکان دیاری بکەن نەک ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیران".
گوتەبێژی پارتی لەبارەی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ئێستادا، رایگەیاند: " پێوەندی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکی باشدایه‌. ئێمە باسی رێککەوتنی هەردوولا و رێکخستنەوەی ئەو رێککەوتنەمان کردووە. کە رەنگە کەم و کورتی تێکەوتبێت. هیوادارین لە داهاتوو پەیوەندییەکانمان زۆر باشتر ببێت".
سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان، هەردوو وتەبێژه‌كه‌ کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە لەوادەی خۆیدا (30/09/2018) هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.

كوردستان 24