Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەكێتیی مامۆستایان: پارەكە گەییشتووە.. یەكەم وەزارەت پەروەردە مووچه‌ وه‌رده‌گرێت

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی ماموستایانی كوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی داراییان كردووە و ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە پارەكەی بەغدا گەییشتووە و، لەم رۆژانەدا خشتەی نوێی مووچە رادەگەیێنن و یەكەم وەزارەتیش لە ڕیزبەندی ئەو مووچەیەدا، وەزارەتی پەروەردەیە.

لە چەند مێدیایەك دەنگۆی ئەوە بڵاو كرابووەوە، كە گوایە حكوومەتی عێراق بە ھۆی خۆپێشاندانەكانەوە ٣١٧ ملیار دیناری بەشی ھەرێمی كوردستان رەوانە ناكات و دوا دەكەوێت. لەو بارەیەوە، سەرۆكی یەكێتیی ماموستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لەسەر مووچەی وەزارەتی پەروەردە سەردانی وەزارەتی داراییمان كرد و ئەوانیش پێیان راگەیاندین كە ٣١٧ملیار دیناری بەغدا گەییشتووە و بڕیارە تاوەكو ٢٠ی ئەم مانگە خشتەی نوێی مووچەی فەرمانبەران رابگەیێنن، یەكەم وەزارەتیش مووچەی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەكرێت و دووەم وەزارەتیش خوێندنی باڵا دەبێت".

گەرمیانی گوتیشی، وەزیری دارایی جەختی لەوەش كردەوە، لە مانگی داھاتوودا وەزارەتی پەروەردە دەخرێتە ریزبەندی یەكەمەكان و دوای وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی پەروەردە مووچە وەردەگرێت، بەمەش لە ماوەی ٢٠ رۆژدا وەزارەتی پەروەردە دوو مووچە وەردەگرێت.

ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد: "لە میانەی سەردانەكەماندا، باسی دامەزراندنی گرێبەستەكان كرا و خەرجكردنی پارەی وانەبێژی و چەندین پرسی دیكەی پەیوەست بە پەروەردە قسەیان لەسەر كرا و بەڵێن درا كە چارە بكرێن".

 

بڵند ئیبراھیم