Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووسڵاوییه‌كان له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش ده‌ترسن.. خۆپێشاندان بیگرێته‌وه‌ شاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌

خۆپێشانده‌رانی به‌سره‌.

 

هه‌ولێر-KDP.info-  شاری مووسڵ ھێشتا ئاسەواری کاولکاری و نەھامەتییەکانی داعشی پێوە دیارە، کەچی خەڵکی شارەکە مەترسیی دووبارە کەوتنه‌وه‌ی مووسڵیان ھەیە لە ئەگەری بەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەکانی عێراق، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵیش نایشارێتەوە كه‌ خەڵکی دەترسن و ھەر خۆپیشاندانێک مووسڵ بگرێتەوە بێ زیان نابێت.

ھاشم بریفکانی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، كه‌ دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندان لە ژمارەیەک پارێزگای باشووری عێراق، لە نێو خەڵکی شاری مووسڵ ترس و دڵەڕاوکێ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و ھاووڵاتیانی شاره‌كه‌ مەترسیی ئەوەیان ھەیە، خۆپیشاندان بگاتە نێو شار و داعش کەڵک لەو ئاڵۆزیانەی عێراق وەربگرێت.
به‌گوته‌ی فریفكانی، رەوشی مووسڵ لە ھەموو شارەکانی دیکەی عێراق جیاوازترە و رەوشێکی تایبەتی ھەیە، چونکە مووسڵ پایتەختی گرووپی تیرۆریستی داعش بووە و ئێستایشی لەگەڵدا بێت رەوش ئاسایی نەبووه‌تەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مووسڵ کە نەویست ناوی بڵاو بکرێتەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "لە ترسی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و تێکچوونی رەوشی شارەکە، ژمارەیەک ھاووڵاتی ماڵەکانیان بەرەو ناوچە ئارامەکان بەجێی ھێشتووە و ئەوانەشی ماون لە دڵەڕاوکێدان، چونکە ئاڵۆزی بکەوێتە مووسڵ داعش دەگەڕێتەوە.''

سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە مووسڵیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی، كه‌ ''ئەگەر ئالۆزییەکانی ئێستای عێراق بەردەوام بێت، بێگومان کاریگەریی خۆی دەبێت و ھەر خۆپیشاندان و ئالۆزییەکیش بگاتە نێو مووسڵ بێ زیان نابێت.''

ھاشم بریفکانی گوتیشی، هێشتا ھیچ ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شاری مووسڵ بەدی ناکرێت، بەڵام به‌ بەرکەوتنی پڕیشکی ئاڵۆزییەکانی عێراق، مووسڵ دەکەوێت''، زیاتری له‌وباره‌وه‌ گوت ''ئاشکرایە داعش خۆی ئامادە کردووە بۆ چالاکی و رۆژانی رابردوو بینیمان چۆن دەرکەوتنەوە، لەبەر ئەوەش مەترسیی کەوتنی مووسڵ زۆر ھەستیارە و نابێت بەراورد بکرێت بە ھیچ ناوچەیەکی عێراق، لە ئەگەری بەرپابوونی خۆپیشاندانیش ھاووڵاتیان لە ترسی کەوتنی شارەکە دووبارە مووسڵ بەجێی دێڵن بەرەو ھەرێمی کوردستان ئاوارە دەبن.''

ماوەی حەفتەیەکە لە ھەریەک لە پارێزگاکانی، بەسڕە، میسان، زیقار، نەجەف، کەربەلا، خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت و بەپێی ئامارەکانیش تا ئێستا چوار خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر له‌ ٢٠ بریندار ھەنە.

قائید میرۆ