Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەحیدە یاقۆ: مەترسیی نەمانی كریستیانەكان لە عێراقدا هەیە

 

نەینەوا-KDP.info- نوێنەری پێكهاتەی كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا، ئەوانەی لە ژێر دەستەڵاتی حەشد و هێزە عێراقییەكاندان، هەموویان ئاوارەن و تا ئێستا هیچیان نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.

لە دوای هاتنی داعشەوە، پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا لە كریستیان و ئێزدی و شەبەك و كاكەیی باجیان دا و زۆربەی هەرە زۆریان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و، وەك ئەوان دەڵین تاكە شوێن پارێزگارییان لێ بكات، هەرێمی كودستانە،

وەحیدە یاقۆ، نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا هیچ كەسێكی مەسیحی و بە تایبەت ئەوانەی لە دەشتی نەینەوا نیشتەجێ ببون، نەگەڕاونەتەوە ناوچەكانیان و هەموویان لە هەرێمی كوردستانن و ناگەڕێنەوە ژێر دەستەڵاتی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان، چونكە ئەوان بە توندترین شێوە خەڵك ئازار دەدەن و سوكایەتییان پێ دەكەن و دەستدرێژی دەكەنە سەر ئافرەتان".

ئێستا چەندین كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستاندا هەن و، بە پێی توانا حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاریی ئاوارەكان دەكات، چەندین جاریش پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا داوایان كردووە ناوچەكەیان بكرێتە پارێزگایەك و سەر بە هەرێم بێت، چونكە وەك ئەوان دەڵێن، هیچ خێرێكیان لە عێراق نەدیتووە.

یاقۆ گوتیشی: "تا ئێستا نزیكەی ٤٠٠ هەزار مەسیحی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و، وەك خۆیان دەڵێن ناگەڕێنەوە ژێر دەستەڵاتی هێزە عێراقییەكان و بە تایبەت حەشدی شەعبی و، هەندێكیشیان ئاوارەی لوبنان بوونە".

ئەو هەروەها دەشڵێ، لە باشووری عێراقیش كریستیانەكان بەرەو نەمان دەچن و لە بەغدا و مووسڵ ڕیژەیەكی زۆر مەسیحیی لێ بوون، كەچی بەر لە چەند مانگێك و لە دوایین ئاماردا دەركەوتووە كە تەنیا چەند خێزانێك لە بەغدا ماون و لە مووسڵ یەك خێزانیش نەماوە.

نوێنەری پێكهاتەی كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەیشی گوت: "كریستیانەكانی ژێر دەستەڵاتی پێشمەرگە لە ئارامییەكی تەواودان، بە تایبەت ئەوانەی تلسقۆف و ئەو  خەڵكەی لەوێ جێگیر بوونە".

 

كــاروان بـــــاعەدری