Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هاووڵاتیانی كه‌ركووك: نە ئاو، نە كارەبا و نە خزمەتگوزاریی تەندروستیمان نییە

 

كەركووك -KDP.info- دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، سەپاندنی ئیدارەیەكی ناشەرعی بەسەر كەركووكدا و دوورخستنەوەی زۆربەی بەرپرسانی ئیداریی شارەكە، ئاستی خزمەتگوزاریی گشتی دابەزیوە و هاووڵاتیانی شاره‌كه‌ش ده‌ڵێن، وەزعمان زۆر خراپە و، نە ئاو، نە كارەبا و نە خزمەتگوزاریی تەندروستیمان نییە.

تەحسین بارام، هاووڵاتیی كوردی دانیشتووی شاری كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كودستانی گوت: "لە ئێستادا و پاش ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو و نەمانی ئیدارەی كوردی لە شارەكەدا، تەواوی خزمەتگوزارییەكان وەك ئاو و كارەبا و هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاكی ماڵان زۆر خراپ بووە، ئێستا تەواوی كۆڵان و شەقامەكانی شارەكەمان بڕ بووە لە خۆڵ و خاشاك و بارودۆخمان زۆر خراپە و ڕۆژانە چەندین ئاگر دەكرێنەوە لە كۆڵانەكان بۆ سووتاندنی خاشاكەكان كە بۆنێكی زۆر ناخۆش ئاسمانی كەركووكی تەنیوە".

پیرۆز كەریم، یەكێكی دیكە لە هاووڵاتیانی شاری كەركووك و ئافرەتی ماڵەوە، لای خۆییەوە گوتی: "بە ڕاستی وەزعمان زۆر خراپە، نە ئاو، نە كارەبا و نە خزمەتگوزاریی تەندروستیمان نییە، دوای داگیركردنی كەركووك ئیدی ئەم شارە تەواوی خزمەتگوزارییەكانی زۆر خراپ بوون و بە كەڵكی ژیان نەماوە، تەنانەت ئێستاشارەوانییش نایەت خۆڵ و خاشاكەكان فڕێ بدات و ئێمە خۆمان لە كۆڵانەكان دەیسووتێنین، دواجاریش بۆ تەندروستیی گیشتی زیانی هەیە، بەڵام كەس خۆی بە بەرپرسیار نازانێت".

محەممەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە شاری كەركووك بە تەواوەتی پەكیان كەوتووە و، بەرپرسانی ئێستای شارەكە گوێ بە خزمەتگوزاریی هاووڵاتیان نادەن".

پێش ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە مانگانە 10 ملیۆن دۆلار دەدرا بە ئیدارەی كەركووك و، ئاستی خزمەتگوزاریی گشتی زۆر بەرز بوو.

كەمال گوتیشی: "پێش كارەساتی 16ـی ئۆكتۆبەر، مانگانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان 10 ملیۆن دۆلاری دەدا بە ئیدارەی شاری كەركووك و خزمەتگوزاریی كارەبا و ئاو و پاككردنەوەی شار و خزمەتگوزاری گشتی لە ئاستێكی بەرزدا بوو، بەڵام دوای ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر تەواوی خزمەتگوزارییەكان زۆر دابەزیون و كوچە و كۆڵانەكان و شەقامە گشتییەكانی كەركووك پڕ بوون لە خۆڵ و خاشاك، هاووڵاتیانیش خاشاكەكانیان لە كۆڵانەكان دەسووتێنن و بۆنێكی زۆر ناخۆش بڵاو دەبێتەوە و ژینگەی شارەكەیش بە تەواوەتی پیس بووە، هەروەها ئەو كۆمپانیا ئەهلیانەی شارەكەیان پاك دەكردەوە، ئێستا كار ناكەن و تەواوی ئیشەكانیان ڕاگرتووە".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی