Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی: ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ ساخته‌یه‌.. داوای یاسایی تۆمار ده‌كه‌ین

 
هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی ئەو بەڵگەنامە ساختەیەی بە ناوی ڕێککەوتننامەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستی فەتح و دەوڵەتی قانوون کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بۆتەوە سکرتێری ڕاگەیاندنی فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایده‌گەیێنێ، كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ساخته‌یه‌ و داوایش ده‌كات داوا بەدواداچوون بکرێت و ئەو کەس و لایەنانە بدۆزنەوە کە لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامە ساختەیەوه‌ن.
 
 ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:
 
بەڵگەنامەیەکی بەدەست نووسراو بە ناوی هەریەکە لە بەڕێزان فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و حەسەن سنێد نوێنەری لیستی دەوڵەتی قانون و محەمەد هاشمی نوێنەری لیستی فەتح بە بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، چەندین خاڵ ڕیزکراوە، گوایە لەنێوان هەرسێ لا  ڕێککەوتن کراوە، کە بەڕێز مسعود بارزانی کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کومارە و بەڕێز نوری مالیکی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕێکەوتنی لەسەرکراوە کە ڕێککەوتنەکە پشتیوانی لە هەردوو کاندید دەکات، هەروەها چەند خاڵێکی دی نووسراوە، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە، هیچ بنەمایەکی نیە، داوا دەکەین بەدواداچوون بکرێت و ئەو کەس و لایەنانە بدۆزنەوە کە لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامە ساختەیەن، هەروەها ئەوەش ڕادەگەیەنین کە لە مافی خۆمان خۆش نابین و داوای یاسایی لەسەر ئەو کەس و لایەنانە تۆماردەکەین کە دەستیان لە دروستکردنی ئەم بەڵگەنامە ساختەیەدا هەیە، دووبارە ڕایدەگەیەنین ئەم بەڵگەنامەیە ساختەیە و ڕەتی دەکەینەوە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەڕێز فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستەنەوە نییە.
 
خەلیل بەرواری
سکرتێری ڕاگەیاندنی فازڵ میرانی