Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێران: نابێ ئەنجامی ھەڵبژاردن بکرێتە موزایەدەی سیاسی

 

هەولێر-KDP.info-  چاودێرانی سیاسی دەڵێن، ڕەوشی عێراق خەریکە دەگات بە بنبەست و زۆربەی کێشەکان بە ھۆی ڕەوشی ئێستای عێراق و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانەوە بە ھەڵواسراوی ماونەتەوە، پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراقیش دەڵێ، ھەوڵێک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەیە.

 

دکتۆر عومەر نوورەدینی، مامۆستای زانکۆ پێی وایە، ھەڵوێستی دروست لە دەستووری عێراقدا ھاتووە و پێویستە ھەموو لایەنەکان بە یاسا و دەستوور مامەڵە لەگەڵ پرسی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا بکەن و دەشڵێ: "لە دەستوور و یاسادا ھاتووە ھەموو تانە و سکاڵاکان لە ڕێگەی دادگاوە یەکلا دەکرێنەوە و دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات، ئەوەیشی ئێستا بە دەست دەنگەکان دەژمێردرێن، دەبێ بیهێڵینەوە بۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی، ئایا ئەنجامەکان پەسەند دەکات، یان نا، لەبەر ئەوە دەبێ ڕێگە بدرێت دەستوور و یاسا و دەزگە فەرمییەکان سەروەر بن و ھیچ لایەنێک پێش ڕووداوەکان نەکەوێت و پرسی ھەڵبژاردنەکان بکرێتە بازاڕی موزایەدەی سیاسی."

 

ڕەوشی ئێستای عێراق زۆر ئاڵۆزە، جارێ دەبێ کێشەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان یەکلا بکرێتەوە، کە ئایا ئەم کێشە ئاڵۆزە بە کوێ دەگات، ئەمە گوتەی دکتۆر موسەننا ئەمین، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق. ناوبراو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی عێراقیش یەکجار ئاڵۆزە، کوردیش خۆی بووەتە دوو بەرە، پێویستە کورد یەکڕیز بێت. ئەگەر لە دواساتیشدا بێت لایەنە کوردەکان بگەنە ڕێککەوتن و پێکەوە بچنە بەغدا."

 

ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە عێراق نەک ھەر نەبووە مایەی نوێبوونەوەی پەرلەمان و حکوومەت، بگرە حکوومەت و پەرلەمان خۆیان کێشەن بۆ عێراقییەکان، ئەو نائۆمێدییەش وای کرد لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ڕێژەیەکی کەم دەنگدەر بەشداری لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاردا بکەن. پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل لەبارەی ڕەوشی ئێستای عێراقەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕەوشی عێراق لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە بەردەوام لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری بەرەو ئاڵۆزتر دەچێت، لەبەر ئەوەش، ھیچ ڕووناکییەک دیار نییە کە عێراق سەقامگیری بە خۆیەوە ببینێت، دوای ئەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ڕاگیران و بڕیار درا پڕۆسەکە بەدەست ھەژمار بکرێت زیاتر ڕەوشەکەی ئاڵۆز کردووە و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان تێک چووە."

 

ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد: "پیلانێک لە ئارادایە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ڕابردوو بە یەکجاری ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنێکی دیکە بکرێت لە عێراق. لەو بارەیەوە سیروان سیرینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو ھەوڵەین. ھەندێ لایەن دەیانەوێ بە چەند قۆناغێک کاری لەسەر بکەن و ئەنجامەکان ھەڵبوەشێندرێنەوە، تا ھەڵبژاردنێکی دیکە بۆ پەرلەمانی عێراق بکرێت."

 

ھەرێمی کوردستان ھەرچەندە لە زۆر ڕووەوە ڕەوشەکەی باشترە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵام دواجار چونکە بەشێکە لە وڵاتی عێراق پڕۆشکی کێشەکانی نێوخۆی عێراق بەر ھەرێمی کوردستانیش دەکەوێت و کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ھەرێمی کوردستان دەبێت. لەبارەی ڕۆڵی کورد و چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەل قۆناغی ئێستای عێراق، پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل دەڵێت: "پێویستە کورد دیراسەتی ئەو ڕەوشە بکات و پلانی ھەبێت بۆ قۆناغەکە، چونکە پێ دەچێت ڕەوشی عێراق بەو شێوەیە تێپەڕێت و ئاڵۆزی بە خۆیەوە ببینێت، پێشبینی ناکەم لایەنەکان بەو ئاسانییە ددان بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکاندا بنێن و بگەنە ئەنجامێک، عێراق کەوتووەتە بۆشایی یاسایی، بەڵام بۆشایی حکوومەتیش خەریکە دروست دەبێت و زەحمەتە ئەمساڵ حکوومەتی نوێ پێک بێت."

 

بەشێک لەو لایەنانەی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن، لایەنی ھەرێمی کوردستان و بەشێکیش لایەنی عێراقین. دکتۆر عومەر نوورەدینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری ڕابردوو، عێراق بەرەو قۆناغێکی نەخوازراوی پاشاگەردانی دەبات."

 

عێراقییەکان دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان چاوەڕێی لەدایکبوونی حکوومەتێکی نوێیان دەکرد، بەڵام دیارە خەونی دەنگدەران و ھاووڵاتییانی عێراق ئەگەر بەتاڵیش نەکرێتەوە، ئەوە درەنگ بەرھەمەکەی دەبینن. سیروان سیرینی ڕوونی کردەوە: "پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئاسان نییە، ئەگەر بێت و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵنەوەشێتەوە و ڕێکارەکانی ھەڵبژاردنیش تەواو بن، ئەوە یان کۆتاییی ئەمساڵ، یانیش لە سەرەتای ساڵی دابێ کابینەی نوێی حکوومەت پێک دێت، بە ھەردوو دیوەکەش عێراقییەکان زەرەرمەندی یەکەمن، چ حکوومەت درەنگ پێک بێت و چ ھەڵبژاردنێکی نوێ بکرێتەوە."

قائید میرۆ