Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەڕێوەبەری سووتەمەنییەكان: بەغدا خۆی سەرپەرشتیی ناردنی بەنزین بۆ هەولێر دەكات

 
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنییەكانی هەولێر گوتی، حكوومەتی عێراق بەڵێنی داوە كە ناردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و، ئەگەر بەوشێوەیە بێت لە قۆناغی دووەمدا بەنزین دەدرێتە ئۆتۆمبێلی تایبەتیش. رەتیشی دەكاتەوە كە حكوومەتی هەرێمی بەنزین لە ناوخۆ بكرێت و بیفرۆشێتەوە بەنزینخانە حكوومییەكان، بەڵكوو بەغدا خۆی سەرپەرشتیی ناردنی بەنزین دەكات.
 
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی كە ئەو بەنزینەی بە ناوی حكوومییەوە لە هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت، لە بەغداوە نایەت و هیی كۆمپانیای كارە و بە نرخێكی گران دەفرۆشرێتە هاووڵاتیان، هەروەها باسیش لەوە كراوە كە بەنزینەكە تەنیا لە هەولێر دابەش كراوە و نەدراوە بە سلێمانی، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر، مستەفا تەها، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی عێراق رەزامەندیی داوە، كە پێنج ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، دووملیۆن بۆ سلێمانی و دووملیۆن بۆ هەولێر و ملیۆنێكیش بۆ دهۆك، بڕیاریشی داوە پێویستە دابەشكردنی بەنزین لە بەنزینخانە حكوومیەكان بێت و ناكرێت لە ئەهلییەكان دابەش بكرێت، بۆیە ئێمە وەكو هەولێر شەش بەنزینخانەی حكوومیمان هەیە، تا ئێستایش ملیۆنێك و 300هەزار لیتر بە دەست ئێمە گەییشتووە و دەیدەینە تەكسییەكان وەكو قۆناغی یەكەم، نرخی هەر لیترێك بە 620دینارە، چونكە بەغدا بە 600 دینار بە ئێمەی دەدات و 40دیناریش تێچووی گەییشتنی بەنزینە".
 
تەها گوتیشی، نەگەییشتنی بەنزین بۆ سلێمانی، هۆكارەكەی ئەوەیە كە ئەوان بەنزینخانەكانی خۆیان، ئەوانەی كە حكوومین، فرۆشتوویانن و تەنیا ئەهلییان هەیە، بۆیە بەغدایش بڕیاری داوە پێویستە بەنزینخانەی حكوومی هەبێت، لەبەر ئەوە تا ئێستا بەنزینیان بۆ رەوانە نەكراوە.
 
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد: "ئەو بەنزینەی بە ئێمە دەدرێت، هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و بەغدا خۆی سەرپەرشتی دەكات و بۆ هەولێر و مووسڵ و كەركووكیش لە كۆمپانیای كار دەیكڕێت و دەیدات بە ئێمە، ئێمەیش تەنیا دابەشی دەكەین و نرخەكەی لە دەست ئێمەدا نییە".
 
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر ڕوونیشی كردەوە: "بەڵێن بە پارێزگاری هەولێر دراوە كە ناردنی بەنزین بەردەوام بێت و ئەگەر بەو شێوەیە بێت، دوای دووملیۆن لیترەكە دەست بە دابەشكردن بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتیشدا دەكرێت، بەڵام چاوەڕێ دەكەین بزانین بەردەوام دەبێت یاخود نا".
 
گوتیشی، زۆر جار باسی خراپیی بەنزینەكە دەكرێت، كە ئەمەیش دوورە لە راستییەوە و ئۆكتانی ئەو بەنزینەی ئێستا لە بەنزینخانە حكوومییەكان دابەش دەكرێت،  90ـە و زۆریش باشە و تاوەكو ئێستا خاوەنی تەكسییەكان هیچ گلەییەكیان لێ نەبووە.
 
لە شاری هەولێر نزیكەی 45هەزار تەكسی هەیە و بژێویی ژیانیان لەسەر ئەو تەكسیانەیە، بۆیە پارێزگای هەولێر بڕیاری دا سەرەتا بەنزین بەسەر تەكسییەكاندا دابەش بكرێت و، ئەگەر بەردەوامیش بەنزین رەوانە بكرێت، ئەو كات بەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەتیشدا دابەش دەكرێت.
 
بڵند ئیبراهیم