Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێران: ئەمەریكا دەیەوێت بە شێوەیەكی جیددی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كار بكات

 
هەولێر-KDP.info- چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ دەڵێن، دانانی بەردی بناغەی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر، دەبێتە دەروازەك بۆ ئەوەی وڵاتانی دیكەیش بێن كۆنسووڵخانەی خۆیان لە هەرێم بكەنەوە. باوەڕیشیان وایە، سەرمایەدار و كۆمپانیای زیاتری ئەمەریكا ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و، بەمەش ئابووریی هەرێمی كوردستان زیاتر گەشە دەكات.
 
دوێنێ هەینی ٦/٧/٢٠١٨، لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق  و، كین گرۆس كۆنسووڵی ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی كۆمەڵگەی كۆنسووڵخانەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هەولێر دانرا.
 
لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتەیەكی پێشكەش كرد و، تێیدا وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بە ئامادەبوونی لەو ڕێوڕەسمەدا، پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكای بە گرینگ وەسف كرد، بە تایبەتی دوای ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان و پاراستنی كوردستان بە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین، هەروەها ڕۆڵی سوپای ئەمەریكای لە هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە لە شكستپێهێنانی داعشدا، بەرز نرخاند.
 
لای خۆشیەوە، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین، د. ساڵح مەلاعومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دانانی بەردی بناغەی كۆمەڵگای كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر، گرینگییەكی یەكجار زۆری هەیە، چونكە ئەمە گەورەترین كۆنسووڵخانەیە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئەمەیش ئەوە نیشان دەدات كە ئەمەریكا گرینگییەكی یەكجار زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدات و دەیەوێت بە شێوەیەكی جیددی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كار بكات، هەروەها لە روانگەكانی دیكەوە دەبێتە رێگاخۆشكەر بۆ ئەوەی وڵاتانی دیكەیش بێن كۆنسووڵخانەی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، بۆیە ئەمە لە بەرژەوەندیی هەرێمدایە و دەیەوێت پەیوەندیی باشتر لەگەڵ وڵاتاندا دروست بكرێت".
 
مەلاعومەر باسی لەوەش كرد، جگە لەو گرینگییەی ئاماژەی پێ درا، كردنەوەی كۆنسووڵخانەكە جۆرێكە لە دڵنیایی بۆ سەرمایەداران و كۆمپانیاكانی ئەمەریكا، بەوەی كە بێنە هەرێمی كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن، كە هاتنی سەرمایەدار و كۆمپانیاكانی ئەمەریكا، دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت و ئاستی وەبەرهێنانیش زیاتر بێت.
 
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی، كردنەوەی كۆمەڵگای كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا لە شاری هەولێر، وا دەكات كە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان هەرێم و ئەمەریكا و وڵاتانیش پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیانەوە ببینن و دەچنە ئاستێكی دیكەوە، كە ئەمەیش هەر لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە، بۆیە كردنەوەی ئەو كۆمەڵگایە قازانجی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە.
 
هەر لەو بارەیەوە، د. هەوار نێروەیی، مامۆستای زانكۆی دهۆك دەڵێت، كۆنگرێسی ئەمەریكا و حكوومەت و سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە، گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە پێویستە پێگەی كوردستان بەهێز بێت، بە تایبەت دوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر و، دەخوازن سەقامگیرییەكی سیاسیی زیاتر لە كوردستاندا هەبێت.
 
نێروەیی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "ئەمەریكا گەییشتووەتە ئەو بڕوایەی كە سەقامگیرییەكی تەواو بەهێز لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەمەیش دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە گەشەسەندنی ئابووری دروست ببێت".
 
ئەو مامۆستایەی زانكۆ گوتیشی: "سەرەڕای بیروڕای جیاواز، بەڵام دەبێت كوردیش لە نێوخۆدا یەكگرتوو و یەكڕیز بن، چونكە ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەدایە سەقامگیریی ناوچەكە تێك نەچێت و جێگیرتر بێت، ئەمەیش دەبێتە گەرەنتیی ئەوەی كە ئەو جەنگانەی دژی كورد كران و ئەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورددا هاتن، لەمەودوا ڕوو نەدەنەوە، ئەمەیش لە ڕووی سیاسی و سایكۆلۆژی و ئابوورییشەوە قازانجی بۆ كورد هەیە".
 
بە گوتەی نێروەیی، پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی كوردستاندا، بووەتە هۆكاری ئەوەی ئەمەریكایش هەرگیز دەست لە كورد بەرنەدات و، سەرەڕای بەرژەوەندییەكانیش، بەڵام لەگەڵ كورد بمێنێت، چونكە كوردستان نموونەیەكی جوانی رۆژهەڵاتی ناوینە و پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش گرینگی بەم هەنگاوە بدەن.
 
دانانی بەردی بناغەی كۆنسووڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر، كە لەسەر ڕووبەری ٢٠٠ هەزار مەتری چوارگۆشەیە و تێچووەكەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلارە، بە چوار ساڵ تەواو دەبێت.
 
بڵند ئیبراهیم - كـــاروان بـــاعەدری