Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"رێگای یاسایی بۆ دەستبەکاربوونی پەرلەمانی عێراق ھەیە"

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانی عێراق ھەموو ھەوڵێکی خستووەتە کار بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی، بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەکی دیکەش بەڕێوە بچێت، چاودێرێکیش پێی وایە ڕێگەی یاسایی ھەیە و نابێت پەرلەمان دەست بۆ بابەتی درێژکردنەوی تەمەنی خۆی ببات.

 

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ھیچ دەقێکی یاسایی و دەستووری نییە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و ھیچ ڕێککەوتنێکیش نییە تا بەردەوامی بەو خۆلەی پەرلەمان بدرێت.

دوێنێ پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە و تێدا تاوتوێی ئەو پڕۆژەیاسایە کرا کە لە لایەن لیژنەی یاساییی پەرلەمانەوە ئامادە کراوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی ھات و بڕیارە سبەی، یەکشەممە، جارێکی دیکە پەرلەمانی عێراق کۆ ببێـەوە. لەو بارەیەوە، ئەمیرە زەنگەنە پەرلەمانتاری پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "زۆرینەی کۆتلەکانی پەرلەمان بەشداریی کۆبوونەوەی دوێنێیان نەکرد و لە کۆبوونەوەی سبەیشدا بەشدار نابن و ئێمەش وەک فراکسیۆنی پارتی نە بەشداریمان ھەبووە، نە لە کۆبوونەوەکانی داھاتوودا بەشداری لە کۆبونەوەی وادا دەکەین."

بوخاری عەبدوڵڵا، چاودێری سیاسی و شارەزای یاسا ڕەتی کردەوە پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی ھەبێت و بە پێشێلکاری بۆ سەر دەستووری عێراق وەسفی کرد، عەبدوڵڵا گوتی: "ھەر تانەیەکی لێ بدرێت لەسەر ئەو بابەتە دادگای فیدڕاڵی پڕۆژەیاساکەی پەرلەمان ڕەت دەکاتەوە، چونکە ھیچ دەرچەیەکی یاسایی و دەستووری نییە چۆن دەبێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە."

ڕۆژی ٣٠ی ئەم مانگە تەمەنی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت و وڵات دەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە، کە دەبێتە ھۆی پەککەوتنی حکوومەت و دەزگە فەرمییەکان  بوخاری عەبدوڵڵا دەڵێت: "چارەسەر ھەیە ئەگەر پەرلەمان نیەتی ھەبێت بۆ دەربازکردنی ئەم قۆناغە."

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونی کردەوە: "تاکە چارەسەر بۆ قۆناغی ئێستا و تێپەڕاندنی بۆشاییی یاسایی ئەوەیە، پەرلەمان دەتوانێ بانگھێشتی ئەندامانی خولی نوێ بکات و کۆبوونەیەوەک بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوە ببرێت، دواتر کۆبوونەوەکە بەکراوەیی بەجێ بێڵن، تا لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەگەنە ئەنجام."

بەر لە جەژنی ڕەمەزان، زانیاریی فەرمیی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان کەوتن، کە ژمارەیەک پەرلەمانتار لە ماڵی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ بوونەوە تا پیلانێک دانێن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و درێژەدان بەو دەسەڵاتەی ھەیەتی، ئەوەش لەپێناو دەرکردنی چەند پڕۆژەیاسایەکدا.

ئەمیرە زەنگە، پەرلەمانتار، بۆچوونی وایە: "ھەر کاتێک پرۆژەیاسایەک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان خرایە کارنامەی کۆبوونەوەوە، پێشبینی دەکرێت دەنگی پێویست بەدەست نەھێنێت و سەرناگرێت، چونکە کێشەی زیاتر دروست دەکات و لایەنەکان ڕازی نابن بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، ھەرچەندە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تەنیا تا ئەو کاتەیە کە حکوومەت پێک دێت و بۆ چوار ساڵ نییە."

قائید میرۆ