Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەندێک لایەن ئاستەنگ بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراق دروست دەکەن

هەولێر-KDP.info- عێراق بە ھۆی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردوو لە ڕەوشێکی ھەستیاردا دەرباز دەبێت و شرۆڤەکارێکی سیاسیش پێی وایە ھێشتا ئەزموونی دیموکراتی لە عێراق لاوازە و ھەندێ لایەن ئاستەنگ بۆ پڕۆسەی سیاسی دروست دەکەن.

 

پێکھێنانی ھەر کابینەیەکی حکوومەت لە عێراق بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی و تا حکوومەتێکی نوێ پێک دێت چەند مانگێک دەخایەنێت. وەک شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێ، ھێشتا لایەنە سیاسییەکان ئامادە نین پابەندی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بن و ھیچ لایەنێکی دۆڕاو بەو ئاسانییە ئامادەی دەستبەرداری کۆرسی نابێت. لەوبارەیەوە عەبدولسەلام بەرواری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ئەزموونمان ھەیە لە پێکھێنانی حکوومەتی دووەمی مالیکی و حکوومەتی یەکەمی عەبادی چەند مانگێکی خایاند، لە پڕۆسەی دیموکراتی نە تاھەتایە دەستەڵات لای ھێزێکە و نە ھیچ ھێزێک تا کۆتایی ئۆپۆزسیۆنە، خەڵکی عێراق پێویستە ھەموویان بەشدار بن لە دەسەڵاتدا، بەڵام بەداخەوە ئێستا دەیبینین ئەوانەی ناتوانن دەنگی پێویست بەدەست بێنن ئاستەنگ دەخەنە ھەمبەر پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لێکزیکردنەوەی ھەموو لایەنە عێراقییەکان کارێکی ئەستەمە و ماوەیەکی زۆر دەخایەنێ."

 

ھەندێ لایەن و چاودێری ڕەوشی عێراق پێیان وایە بە دەست ھەژماردنی دەنگەکان گۆڕانکاریی گەورە لە ئەنجامەکاندا دروست ناکات، لەبارەی پڕۆسەی ھەژماردنی دەنگەکان بەدەست لە لایەن دەستەی دادوەرانەوە ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: "من ناتوانم پێشبینی ئەوە بکەم تا چەند گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامەکاندا دێت، چونکە ئیدی بڕیارەکە دراوە و جێبەجێ دەکرێت، بەڵام دەبێ لەو ماوە دیاریکراوە تێنەپەڕێت و لە ماوەی دە ڕۆژدا پڕۆسەی ھەژمارکردنی دەنگەکان کۆتایی بێت تا کاریگەری لەسەر پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت نەبێت."

 

لە پەیامێکیدا بۆ جەژنی ڕەمەزان سەرۆک بارزانی داوای کۆبوونەوەی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد و ئێستا کار بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبونەوەیە دەکرێت. عەبدولسەلام بەرواری ئەنجامدانی کۆبونەوەکە بە گرنگ وەسف دەکات و پێی وایە بە ھەژماردنەوەی دەنگەکان بیانووی ھەندێ لایەنی سیاسی ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت بەوەی مەرجیان بۆ کۆبونەوەیان لەگەل ھێزەکانی دیکە ژماردنەوەی دەنگەکان بوو و، گوتی: "ئەوە لایەنەکان بڕیاری دادگای فیدڕاڵییان قبووڵ کرد، ئیتر کاتی ئەوەیە بڕیاری خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بە یەکدەنگی کورد بچێتە دانوستانەکانی بەغدا."

 

بەرواری ئاماژەیشی بەوە دا: "ھەمیشە ئاواتی سەرۆک بارزانی، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کورد بووە، تا لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیدا بەھێز دەرکەوێت، کەچی لە پای ئەو ھەموو خەمخۆرییەی سەرۆک بارزانی خەڵکێک ھەبوو لە پەرلەمانی عێراق دژی پێشمەرگە دەنگیان دا، کە پێویستە بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی کوردستان جەماوەر ئەو ھەڵوێستە لەبەرچاو بگرن."

 

قائید میرۆ