Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرھاد حەمە عەلی: "مەترسی کەوتنی چەند ناوچەیەکی کەرکووک ھەیە"

کەرکووک-KDP.info-  رۆژانە چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک و دەورووبەری چالاکی ئەنجامدەدەن و گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووکیش دەڵێ، ئەگەر کار وا بڕوات ژمارەیەک ناوچەی دیکەی کەرکووک دەکەوێتە دەست داعش و رەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێ.

تەنیا لەماوەی حەفتەی رابردوودا چەکدارانی سەر بە گروپی تیرۆریستی داعش چەندین چالاکی تیرۆریستیان لە دەورووبەری کەرکووک ئەنجامدا و ژمارەیەک کەسیان رفاند ھەڵکشانی چالاکی داعش بووەتە مەترسی بۆسەر کەرکووک و لەوبارەیەوە فەرھاد حەمە عەلی، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "ھەر دوای کشانەوەی ھێزەکان ھەرێمی کوردستان لە کەرکووک چەکدارانی داعش توانیویانە بگەڕێنەوە کەرکووک و دەورووبەری ھێزە عێراقییەکانیش کێوماڵی ناوچەکانی ریاز و حەویجە و رەشاد و زابیانکرد نەیانتوانی ناوچەکە لە داعش پاک بکەنەوە، لەبەر ئەوە داعش دووبارە لە کەرکووک چالاکبووە و خۆی رێکخستووتەوە لەو ناوچانەی ئاماژەم بۆکرد وەک ناوچەکانی دوزو داقووق و حەویجە و ریاز و زاب و رەشاد، ئێستا زۆر چالاکە و ھێرش دەکەنە ھێزە عێراقییەکان و ھاوڵاتیانی سڤیل، بێگومان ئەو ھێزانەی عێراق کە لەو سنوورەدا جێگیرن ناتوانن بەرەنگاری چەکدارانی داعش ببنەوە.

جگە لە دەورووبەر لەنێو شاری کەرکووک رۆژانە تاوانی کوشتن و رفاندن و ھەڵکۆتانە سەر خەڵکی ھەیە گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک دەڵێ، " نەک لەدەرەوەی کەرکووک لەنێو  سەنتەری شاری کەرکووکیش داعش چالاکی ھەیە و رۆژانە رێژەی تاوان لە ھەڵکشاندایە، دیاردەی ھەڵکۆتانە سەر ماڵان و خەڵکی خوا پێدراو رفاندن و کوشتنی ھاوڵاتیان لە شاری کەرکووک بووەتە رۆژانە، ئەمانە بەراورد بە سەردەمی ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان زۆر زیادی کردووە.

ئەمڕۆ ھەینی لە شارۆچکەی داقووقی سەر بە کەرکووک بەھۆی مەترسی داعش ژمارەیەک خێزانی کورد ئاوارەبوون و بەر لەچەند رۆژێکیش بەھۆی مەترسی داعشەوە ژمارەیەک خێزانی کوردانی کاکەیی ئاوارەبوون فەرھاد حەمە عەلی ئاماژەیشی کرد، "داعش بەشێوەیەک دەستی بە جۆڵە کردووە رۆژانە مەفرەزەکانیان دێنە سەر شەقامە سەرەکییەکان و رێگری لە خەڵک دەکەن، بەتایبەتی رێگەی سەرەکی بەغداد کەرکووک لە ژێر دەستی داعشدایە، لەھەندێ گوند داعش دەستەڵاتدارە و ھێزی عێراقی تێدانییە و خەڵکیشی لەگەڵدایە.
ئەو دەشڵێ، " ئەگەر ھێزەعێراقییەکان نەتوانن سنووری کەرکووک بە تەواوی پاکبکەنەوە لە تیرۆریستانی داعش دوور نابینم لەداھاتوو چەند گوند و ناوچەیەکی دیکەش بکەوێتە ژێر چنگی داعش.

لەبارەی ژمارەی چەکدارانی داعش لە کەرکووک گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک  گوتی، "تا ئێستا ژمارەی چەکدارانی داعش دیارنییە لە کەرکووک چەندە، بەڵام زانیاریمان ھەیە ژمارەیەکی بەرچاو چەکداریان کۆکردووتەوە و رۆژ بە رۆژیش لە زیادبووندایە.

قائید میرۆ