Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن دژی داعشەكانی مەخموور ئەنجام دەدات"

 

مەخموور -KDP.info- چەند ڕۆژێكە تیرۆریستانی داعش لە سنووری مەخموور جووڵەیان زیاد كردووە و، وەك بەرپرسێكیش دەڵێت، ئەگەر داعش نیەتی ھەبێت، دەتوانێت شارەكانیش داگیر بكات، بەڵام پێشمەرگە ئامادەكاری دەكات بۆ لەنێوبردنیان. فەرماندەیەكی میحوەری مەخمووریش ئاشكرای كرد، بە نیازی ئۆپەراسیۆنن بۆ لەنێوبردنی داعشەکانی مەخموور.

 

داعش مەترسییە بۆ سەر مەخموور

 

دوای كشانەوەی پێشمەرگە، داعش گەڕاوەتەوە سنووری مەخموور و لە پێدەشتەكانی باقرت و بناری چیای قەرەچووخ بە ئاشكرا دەبیندرێن. لەو بارەیەوە، كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی پارتی لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داعش لە سنووری مەخموور جووڵەی زیاد كردووە و ھێزی عێراقی و حەشدی شەعبی كەم خۆیان لە قەرەی شەڕی داعش دەدەن لەو سنوورە، لەبەر ئەوەی ژمارەیان زۆر بووە، ھەرچەندە ئاماری ورد نییە دەربارەی ژمارەی داعشەكانی ناوچەكە".

 

بەرپرسی لقی ٢٣ی مەخموور دەڵێت: "ئێستا داعش مەترسیی لەسەر مەخموور دروست كردووە و ھێزە عێراقییەكان لێیان تۆقیون، ئەگەر داعش بییەوێت بە ئاسانی ناحیەیەكی وەك باقرت داگیر دەكات و ھێزی عێراقی تەنیا لەنێو شارەكانە و لە دەرەوەی شاری مەخموور و شارەدێیەكانی، داعش دەسەڵاتی ھەیە و ھێزی عێراقی ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنانەی داعشی تێدایە".

 

زیاب زوبێر، فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور، ھەبوونی پێگەی چەكدارانی داعشی لە سنووری مەخموور پشتڕاست كردەوە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ڕاستە ژمارەیەكی بەرچاوی چەكداری داعش لە گوندەكانی دەوروبەری قەزای مەخموور و بناری چیای قەرەچووخ ھەن و گوندە عەرەبەكانی ناوچەكەش ھاوكارییان دەكەن، ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییش توانای كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكەیان نییە، بۆیە پاشماوەی داعش لەو سنوورەدا كۆ بوونەتەوە".

 

ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ لەنێوبردنی داعش بەڕێوە دەچێت

 

بە پێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پلان ھەیە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ نەھێشتنی داعش لە سنووری چیای قەرەچووخ بەڕێوە بچێت. كرمانج عەبدوڵڵا دەڵێت: "ھەماھەنگی ھەیە لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكانی سنوورەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەر لە جەژنیش شاندێكی ھەرێم و ئەمەریكا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕەوشی مەخموور سەردانی قەزاكەیان كردبوو، بەڵام دیار نییە كەی ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدرێت، چونكە شاندی سەربازیی ھەرێم و ئەمەریكا تاوتوێی ئەو پرسەیان كردووە، ئەو داعشانە زیاتر دەكەونە دامێنی چیای قەرەچووغ بە دیوی مەخموور نەك ھەولێر".

 

ھەر پەیوەست بەوەی كەی ئۆپەراسیۆن دەكرێت لە لایەن پێشمەرگە و عێراقەوە، زوبێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "نیەتمان ھەیە وەك پێشمەرگە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش لەو سنوورە وەدەر نێین، بەڵام ھێشتا كات و وردەكاریی بەڕێوەچوونی ھێرشەكە دیار نییە كەی دەكرێت و چۆن دەبێت، بە تایبەت ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكاندا".

 

قائید میرۆ