Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، كلیلی چارەكردنی كێشەكانی ھەرێم و عێراقە"

 

ھەولێر-KDP.info- لایەنە سیاسییەكان، پەیامەكەی " سەرۆك بارزانی" بە ئەرێنی دەبینن و باوەڕیان وایە، كلیلی چارەكردنی كێشەكانی كوردستان و عێراقە. دەشڵێن، لە بری ئەوەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە وەڵام و وەڵامكاری بكرێت، پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.

١٥ی ٦ی ٢٠١٨، سەرۆك بارزانی پەیامێكی ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كرد و تێیدا جەخت لە بنەمای جێبەجێكردنی دەستوور دەكاتەوە و دەڵێت، "پشتیوانیی ھەر ھەوڵێكی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە دەكەین كە بۆ چارەكردنی ئەو قەیرانە چەقبەستووەی ئێستای عێراق و بە تایبەتی چارەی دەستووریی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەخرێنە ڕوو. ھیوادارین دوای جەژن ھەموو لایەنە سیاسییەكان بەشداریی گفتوگۆیەكی بنیاتنەر بكەن بۆ گەییشتن بە چارەیەكی ئاشتیانە و گونجاو كە لە بەرژەوەندیی ھەموو گەلانی عێراق و لەسەر  بنەمای جێبەجێكردنی دەستوور بێت".

ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سالار عوسمان، پەیوەست بە پەیامەكەی "سەرۆك بارزانی"، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ھەمیشە سەرۆك بارزانی ئەم جۆرە پەیامانەی ھەبووە بۆ یەكڕیزی و تەبایی، ئەم جارەیش لەم پەیامەیدا دەیەوێت بە ھێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بڵێت كە یەكڕیزی و تەبایی ھەم كلیلی چارەكردنی كێشەكانە و ھەم دەكرێ لە ڕێی ئەم كلیلەوە پێكەوە بچین لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بكەوینە گفتوگۆ بۆ پێكھێنانی دووبارە داڕسشتنەوەی ژیانی سیاسیی لە عێراقدا".

عوسمان دەشڵێ: "سەبارەت بە پەیامەكەی "سەرۆك بارزانی"، لایەنە سیاسییەكان خوێندنەوەی ئەرێنییان هەیە، چونكە وەك پێشتر باسمان كرد، كلیلی چارەكردنی تێكڕای كێشەكانە".

ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، ئازاد تۆفیق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پاش پێكھاتنی ھەندێك لە كیانە سیاسییەكان بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ئاییندە، كورد ھەنگاوێكی زۆر چووەتە پێشەوە، بێگومان حكوومەتی نوێی عێراقیش بە بێ كورد پێك نایەت".

تۆفیق گوتیشی، "كورد پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگی ھەیە، ئێستایش كە پارتی و یەكێتی دوو هێزی سەرەكیی ھەرێمی كوردستانن، ئەو دوو ھێزە لە پەیامەكانیان و لە دەنگیان و لە ڕەنگیان بۆ یەكڕیزیی ھێزە كوردستانییەكانی ھەرێم، دەنگێكی گەورەی نێو گۆڕەپانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی كوردستانن، بۆیە كورد پێویستی بە یەكدەنگی  و یەكگوتاری و یەكماڵی ھەیە".

ئەو هەروەها دەشڵێت، "ئەم یەكگوتاری و یەكدەنگییەیش لە پەیامەكەی جەنابی مەسعوود بارزانیدا ھاتووە كە لە جەژن بۆ لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی بڵاو كردووەتەوە. پەیامی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش لەپاڵ یەكڕیزیی یەكێتی و پارتی پێویستمان به‌یەكڕیزیی تەواوی ھێزە كوردستانییەكان ھەیە، بەو ھیوایەم گشت ھێزە كوردستانییەكان بە ژمارەی كورسی و كەمی و زۆریی دەنگەكانیان سەیری پێگە و قورساییی خۆیان نەكەن و بەدەم بانگەوازەكەی یەكێتی و پارتییەوە بێن بۆ یەكلاكردنەوەی سەرجەم كێشەكانی ھەرێم و عێراق".

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، زیرەك كەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش، دوای دەرئەنجامەكانی ھەڵبژاردن لیكترازانێكی گەورە لە ناوەندی سیاسیی حزبەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستانیش دروست بووە، بۆیە پێویستمان بە دیالۆگ و دانیشتن و یەكڕیزییە".

كەمال ئاماژەیشی دا، "دەبینین زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە یەكتری دەدوێنن، ئەویش تەنیا وەڵام و وەڵامكارییە و پەرچەكردارە، بۆیە كۆبوونەوەیەكی گەورەی لایەنە ساسییەكان، ھەنگاوی یەكەمە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو گومان و لێكترازان و كێشانەی دروست بوون".

 

فایزە كۆیی