Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عارف ڕوشدی: لە چوارچێوەی پەیامەكەی سەرۆكدا، ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان كراوە

 

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی، لە پەیامی جەژنی رەمەزاندا داوای لە گشت ھێزە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان كرد، بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناغە، دوای جەژن كۆ ببنەوە، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتییش دەڵێ، خواستی سەرۆك بارزانی یەكڕیزیی نێوان لایەنەكانە و، دەست بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لایەنەكان كراوە.

عارف ڕوشدی، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئەگەر بە ویژدانەوە سەیری پرسەكان بكەین، بەردەوام خواستی سەرەكیی سەرۆك بارزانی ئەوە بووە كە ھێزە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان یەكڕیز بن، بە تایبەت لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكاندا، ئەو داوایەی سەرۆك بارزانی كە بە بۆنەوەی جەژنی رەمەزانەوە لە پەیامەكەیدا بڵاوی كردەوە، ھەر لەو چوارچێوەیەدایە و مانای ئەوە دەگەیەنێ كە خەباتی سەرۆك بارزانی بەردەوامە لە پێناو یەكخستنی ھێزە كوردستانییەكاندا. سەرۆك بارزانی لەبارەی پرسە ھەنووكەییەكان و رەوشی عێراق لە پەیامەكەیدا ھیوای ئەوەی خواستووە دوای جەژن ھەموو لایەنە سیاسیییەكان بەشداریی گفتوگۆیەكی بنیاتنەر بكەن بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانە و گونجاو، كە لە بەرژەوەندیی ھەموو گەلانی عێراق و لەسەر  بنەمای جێبەجێكردنی دەستوور بێت".

لە بەشێكی پەیامەكەیدا، سەرۆك بارزانی دەڵێت كە پشتیوانیی ھەر ھەوڵێكی دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە دەكەین كە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە چەقبەستووەی ئێستای عێراق و بە تایبەتی چارەسەریی دەستووریی پەیوەندیییەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەخرێنە ڕوو.

وەك راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتییش گوتی، "من لەو بڕوایەدام لە چەند رۆژانی دابێت لایەنە سیاسییەكان ئاگادار دەكرێنەوە بۆ كۆبوونەوە و، ھیوادارم وەڵامێكی پۆزەتیڤ ھەبێت لەلایەن گشت ھێز و لایەنە كوردستانییەكانەوە، تا بتوانن ھەنگاو بۆ پێشەوە بنێن و لە ناكۆكی دوور كەونەوە، چونكە ئاشكرایە كێشەی ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، كێشەی پۆست و دەستكەوتی حزبی نییە، بەڵكوو كێشەی ئێمە، كێشەی خاك و مافی میللەتی كوردستانە و ئەگەر چارە نەكرێن ھەموو پۆستەكانی عێراقیش بە ئێمە بدرێن، ناتوانین ھیچ بكەین، لەبەر ئەوە چاوەڕێ دەكەین ھەنگاوەكانی دوای جەژن ئەرێنی بن، بە تایبەتی ئەو لایانە سیاسیانەی داوەت دەكرێن بۆ دروستكردنی یەكڕیزی".

لەبارەی دیاریكردنی كاتی كۆبوونەوەكەوە، ڕوشدی ئاماژەی دا، "ھەتا ئێستا كاتی كۆبوونەوەكە دیاری نەكراوە، بەڵام وا خەریكە پەیوەندی بە لایەنەكانەوە دەكرێت، ئەگەر لایەنەكان بێنە پێشەوە بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆبوونەوەكە بەڕێوە دەچێت، پێویستە بە ھەموو لایەكەوە ھەوڵ بدرێت ئەو گرفتە دەرباز بكرێت و خواستی سەرۆك بارزانی بە ھەند وەربگرن، تا بتوانین پێكەوە سەروەرییەكی نیشتیمانی تومار بكەین".

 

قائید میرۆ