Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

" ١٢٧ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم"

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، تا دووەم ڕۆژی جەژن، 127 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و گوتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاماری كۆتاییی هاتنی گەشتیاران ڕادەگەیەنن.

ساڵی 2016 زیاتر لە یەك ملیۆن و 600 هەزار گەشتیار ڕوویان لە كوردستان كردووە، ساڵی 2017 ژمارەكە بووەتە 2 ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار و ساڵی 2018 پلانەكە وا دیاری كراوە بگەیەندرێتە 2 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "بە دەیان هەزار گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتی ئێرانەوە هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان، تا دووەم ڕۆژی جەژن 127 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، ئەوە ئاماری كۆتایی نییە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئاماری كۆتایی ڕادەگەیەنین."

ڕۆستی گوتی: "ئەمساڵ ئێران فشارێكی زۆری لەسەر گەشتیارانی خۆی دروست كردووە، ڕسووماتێكی زۆریان لێ وەردەگرێت، ئەوەش وای كردووە كە ئەمساڵ گەشتیاری ئێرانی وەك پێویست نەهێنە كوردستان، هەروەها نەكردنەوەی ڕێگەی كەركووك – هەولێریش كاریگەریی خۆی هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، گەشتیارێكی زۆر هاتوون و بەردەوامیش گەشتیاران دێن."

ڕۆستی گوتیشی: "ئەمساڵ گەشتیاران سەردانی هەموو شارەكانی كوردستانیان كردووە و گەشتیارێكی زۆریش بۆ دهۆك چووە. جگە لەوەش، گەشتیاری ناوخۆ زیادی كردووە، کە ئەوە هەنگاوێكی نوێیە بۆ بەهێزكردنی گەشتوگوزاری ناوخۆ و وا دەكات كە گەشتیارانی ئێمە نەچنە دەرەوە و ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەكانی ناوخۆ بكەن، ناساندنی هەرێمی كوردستان كاریگەریی خۆی هەبووە، كە گەشتیارانی ناوخۆ سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان بكەن، بەڵام ئەمانە داخیلی ئامار نەكراون، ئەوانە لە ناو ئەو 127 هەزار گەشتیارەدا نین".

ڕابین شێروانی