هه‌ولێر-KDP.info- ئەنجیلینا جولی، نێردەی تایبەتیی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سه‌ر به نەتەوە یەکگرتووەکان و شاندێكی یاوه‌ری، سەردانی ھەولێری کرد و لەلایەن سەفین دزەیی وتەبێژێ فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه پێشوازی لێ کرا.
سەرەتا دزەیی بە ناوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوه‌زیران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانه‌وه به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی ئەنجیلینا جولی کرد بۆ گرنگیدانی بەردەوامیان بە نەھامەتییەکانی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها ڕایگەیاند کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانە بەردەوامەکانیان بۆ کوردستان به‌مه‌به‌ستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئاواره و په‌نابه‌ران، بەرز دەنرخێنێت.
دزەیی پوختەیەکیشی دەربارەی ڕەوشی ئێستای هه‌رێمی کوردستان، قەیرانه‌كانی مرۆییی ئاوارە و پەنابەران و دارایی و ئابووری و لێکەوتەکانیان، كاریگه‌رییه‌كانی شەڕی داعش له‌سه‌ر چین و توێژه جیاوازه‌كان، ڕۆڵی بەرچاوی پێشمەرگە لە شەری دژی داعش لە چوار ساڵی ڕابردوودا، سیاسەتی مرۆییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرینگیی ھەماھەنگی و ھاوکاریی زیاتری نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئاژانسەکانی سه‌ر به نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەلگه‌ی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری‌کردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە مەدەنیەکان بە خەلکێ لێقەوماو، خسته‌ڕوو.
لای خۆیەوە جولی سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و گەلی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران و هاوكاریكردنیان و ئه‌و ڕۆڵه‌ی ھەرێمی کوردستان به‌رز نرخاند، دڵنیاییشی دایه حکوومەتی ھەرێمێ کوردستان کە لە گەیاندنی پەیامی نەھامەتیەکانی ئاواره و په‌نابه‌ران بە کۆمەڵگای نێودەولەتی به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری و پشتگیریكردن له حكوومه‌تی هه‌رێم، به‌رده‌وام ده‌بن.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا بیروڕا ده‌رباره‌ی چۆنیەتیی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران و رێکخراوەکانی تری مرۆیی بۆ باشتر بونیادنانەوەی ژیانی ئاوارەکان پێش بونیادنانەوەی خانوو و تەلارەکان، ئاڵوگۆڕ كران.
ھەردوولا لەسەر بەردەوامیی گفتوۆکان بۆ دۆزینەوەی دەستپێشخەریی پێشکەوتوو لە سەرووی پێشکەشکردنی پشتگیریی ماددی و ھاوکاریی مرۆیی بە ئاوارە و پەنابەران كۆك بوون تا دۆخی ناوچەکانیان ئاسایی دەبێتەوە بە سەر بەرزی و ئارەزوومەندانە دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان.
لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان داڵده‌ی ١.٤ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی سووریا ده‌دات کە ٩٧٪ی پەنابەرانی سوریا لە ھەرێمی کوردستانن و ٣٧٪ یان لە نۆ کەمپ و ئەوانی دیكه لە ناو شار و شارۆچکەکانن، ھاوکات ٤٠٪ ئاوارەی ناوخۆێ عێراق لە کوردستانن کە ٨١٪یان لە ناو شارەکان و ئەوانی دیكه لە ٣٠ کەمپدا نیشتەجێ کراون.