Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە عەفرین خەڵک ئازار دەدرێ"

عەفرین-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی دەڵێ، گروپەچەکدارەکان لە  عەفرین خەڵکی بەتوندترین شێوە ئازار دەدەن، رێکخراوی هیومان وۆچ ئاشکرای کردووە کە چەکدارەکان لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئازار دەدەن، شوێنەکانیش خاپوور دەکەن تا خەڵکی نەگەڕێنەوە.

ئیسماعیل شەریف، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت:'' گروپە چەکدارەکان لە شاری عەفرین جوتیارێکیان بە ناوی محەمەد ئیبراهیم زۆر بە توندی ئازار داوە، ئەو خۆی خەڵکی ناوچەی خەلیلۆکایی سەر بە عەفرینە، لەکاردابوو گروپێکی چەکدار لێی پەیدابوون و بە توندترین شێوە ئازاریان دا.

ئەم جوتیارە تەمەنی ٥٤ ساڵە و کاری جوتیاری دەکات، وەک ئیسماعیل شەریف دەڵێ، ئەو هیچ پێوەندی بەکاری سیاسییەوە نییە، بەڵام گروپی چەکداری سەر بە سولتان موراد هاتن و بە توندترین شێوە لێیان داوە و سوکایەتیشیان بە خیزانەکەی کردووە، ئێستا ئەم جوتیارە باری تەندروستی نالەبارە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی شەریف، ئەم جۆرە رەفتارەی گروپە چەکدارەکان بەردەوامە و خەڵکی عەفرین زۆر ئازار دەدەن، حەفتەی رابردوویش هێرشیان کردە سەر ئەحمەد شێخۆ جێگەری سەرۆکی ئەنجوومەنی شاری شیای سەر بەعەفرین و ئەمیش هاوشێوەی ئەو جووتیارە ئازاردرا و لێیان داوە.

بۆ ناڕازایەتی دەربڕین لەسەر ئەمجۆرە رەفتارانە، ئەنەکەسە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە کە کاری نامرۆیی زۆر لە عەفرین لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە دەکرێ، داوایش لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ دەکەن بەزوویی لە دژی ئەم رەفتارانە بێنە سەرهێڵ.

رێکخراوی هیومان وۆچ قسەی لەسەر عەفرین هەیە، بەڕێوەبەری کاتی بەشی فریاکەوتن لەو رێکرخراوە پێوەست بە چاودێری دۆخی سووریا بریانکا مۆتابارسی، دەڵێ، گروپێکی چەکداری زۆر لە عەفرین هەن و ماڵی خەڵکی تاڵان دەکەن و خەڵکی ئازار دەدەن، ئەم گروپانە چەندین شوێنیان خاپوور کردووە، بۆ ئەوەی خەڵکی نەگەڕێنەوە عەفرین.
پێشووتریش ئەنەکەسە رایانگەیاندووە کە دۆخی عەفرین زۆر خراپە و رەوشەکە نالەبارە.

کـــاروان بـــاعەدری