Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"مەسیحییەکان دەڵێن بەغدا فەرامۆشی کردووین"

هەولێر-KDP.info-  رۆمیۆ هەکاری سکرتێری حزبی بەیتنەهرێن دەڵێ، وەک پێکهاتەکان هیچ هەست ناکەین کە ئێمە لە لایەن بەغداوە لە پرسە چارەنوسسازەکاندا بەشداریمان پێدەکرێ، بەغدا پێکهاتەکانی فەرامۆش کردووە.

مەسیحییەکان کە ئێستا بەشی هەرەزۆریان لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن و دەژین، ئەوان نیگەرانن لە دەسەڵاتدارانی بەغدا کە هەست ناکەن پێکهاتەکان لە بەشداری عێراقدا گرینگیان پێبدرێ، رۆمیۆ هەکاری سکرتێری گشتی حزبی بەیتنەھرێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، " جگە لە عەرەب بە شیعە و سوونەوە دواتر کورد ھیچ لایەنێکی دیکەی پێکھاتەکانی کلدو ئاشوور و تورکومان بەشدار نین لە دانوستانەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، خۆی عێراق کە دەوڵەتێکی فرە ئاینی و نەتەوەییە، لەبەر ئەوە پێویستە بۆ پێکھێنانی ھەر حکوومەتێک و پرسێکی چارەنووسسازدا پرس بە ھەموو پێکھاتەکان و لایەنانە بکرێت، کە کار بۆ بنیاتنانی عێراقێکی دیموکرات و فرە نەتەوە و ئاینی، نەخێر تا ئێستا پرس بە ئێمە ناکرێت، تەنیا عەرەب لە عەرەبیش لیستە براوەکانی شیعە دانوستان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دەکەن.

لە عێراق  شیعە زۆرینەی پەرلەمانیە و لەدوای پڕۆسی ئازادی عێراق گەورەترین کۆتلەی پەرلەمانی بوونە و بەپێی یاساش مافی پێکھێنانی حکوومەتیان ھەیە ھەکاری دەڵێ، "ھیوادارین ھەولەکانی پێکھێنانی حکوومەت لە ئایندەیەکی نزیکدا سەربگرێت، تا عێراق نەکەوێت گێژاوێکی سیاسی و بۆشایی سیاسی، یاسایی،  ئیداری، حکوومەتێکی نوێ پێکبێت بە بەشداری سەرجەم لایەن و پێکھاتەکانی نێو عێراق، بەڵام جیاوازبێت لە حکوومەتەکانی رابردوو کە تەنیا لایەنێک و پێکھاتەیەک سەرپشکبێت و دەستی والابێت، ئەوانی دیکەش وەک خەڵکی لاواز سەیر بکرێن.

سکرتێری گشتی حزبی بەیتنەھرێن راگەیاند، گەرەنتی بۆ ھیچ پێکھاتەیەک لە عێراقدا نییە، بەڵام زیاتر مەترسی بۆ ئەو پێکھاتانەی لەڕووی ئاینییەوە ھەیە و لە سەرەتای پەیدابوونی گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکانیش ھەریەکە لە پێکھاتەی کریستیان و کاکەیی و ئێزدی کراونەتە ئامانج."
  ئەو سەرکردەیەی کلدو ئاشوور ماژەی بۆ ئەوەکرد، "تا ئێستا گەرەنتی بۆ ھیچ نەتەوە و پێکھاتەیەکی عێراقی نییە تا بۆ پێکھاتەکانی کلدو ئاشوور ھەبێت، بەڵێ ئێمە روبەڕووی گەورەترین ھەڕەشەی کوشتن و لەنیوبردن و دەرکردنیان لەناوچە رەسەنەکانی خۆیان بونەتەوە لەسەرتاسەری عێراق.

کلدو ئاشوور چاویان بڕیوەتە حکوومەتی نوێی عێراق تا بتوانرێ رەچاوی مافەکانیان بکرێ و سەقامگیربن و مەترسیەکانی رابردوو دوبارە نەبنەوە بەڵام وەک رۆمیو ھەکاری دەڵێ، "ئێمە پێمانوایە ئەگەر حکوومەتی دابێت لەڕووی بیرۆچوون و ئەدای کارکردن و خزمەتکردنی ھەموو ھاوڵاتیانی عێراق بەبێ جیاوازی خزمەتیان نەکات، ئەوا گومانی تێدانییە جارێکی دیکە پێکھاتەکان دەکەونە ژێر مەترسییەوە.

قائید میرۆ