Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

13 ی حوزەیرانی سلێمانی بۆ هەمیشە وەك هێمای بەرخۆدان دەمێنێتەوە

هەولێر-KDP.info-  یەكێ لە دنیای جوانی وڵاتانی پێشكەوتووی خاوەن شارستانی و پر لە دیموكراسی و پاراستنی مافی مرۆڤ و چەسپاندنیان بە كردار نەوەك بەقسە و گوتەی لەبیركراو، ئەوەیە هیچ كات بەسەر مێژووی كارەسات و ڕووداوەكانیان و سڕینەوەیان تێناپەڕن، بەڵكو بەبۆنی گوڵ و تاجەگوڵینەی ڕێزلێنان بۆ نەوەكانی داهاتوویان و بیرخستنەوەیان یادیان دەكەنەوە، بۆ دووبارەنەبوونەوە و تاوانبارانیش بەشداردەبن و دان بە حەقیقەتی جەنگ و ماڵوێرانی دەنێن و سەری ڕێزیش بۆ قوربانیان دادەنەوێنن. هیوادارم لە كوردستانە لە خوێن هەڵكێشراوەكەی منیشدا كە خۆم پاشماوەی قوربانی دەستی غەدرو ناپاكی كوردم وەك كوڕی شەهیدێكی نەتەوەیی محەمەد دەروێش نادر و هەزارانی وەكو خۆم، داوا دەكەم ئەم یادە بكەنە وانەیەك بۆ پێكەوەژیانی ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژی، دەسەڵات و حزبەكانی كوردستانیش فێری ئەوە ببن و بە رۆحێكی كوردانەو مەردانە دەست لەسەر هەڵەكانیان دابنێن و ئەوەی لەنێو پەیڕە و پرۆگرام ناودێریان كردووە لە بانگەشەی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی كاری جدی بۆ بكەن، ئەمەش بیرهێنانەوەیەكە لە لاپەڕەیەكی مقاوەمەتی شاری سلێمانی و خستنەڕووی ڕاستییەكی مێژوویی تاكو دووبارە نەبێتەوە.

سلێمانی وپارتی دوو عاشقی یەك ڕێبازن

وەك خەسڵەتێكی هەمیشەیی خەڵكی شاری سلێمانی و شارەكەی شێخی نەمر مەلیك مەحمود بۆ ڕێزگرتن لە شەهید و لە ئامێزگرتنیان، بێگوێدانە هیچ كەس و لایەنێك لە ترس و تۆقاندنی زەمەنەكاندا بەڕێزەوە شەهیدانیان لەسەر شانیان ناوە بەرەو سپاردنیان بەخاكی پیرۆزیی كوردستان، بەر لە 24 ساڵیش وەكو ئەمڕۆ لە 13ی حوزەیرانی ساڵی 1994 هەمان خەڵكی شاری بەئەمەك و وەفادار ویستیان وەكو ڕێزلێنانێك لە گیانی پاكی شەهیدی سەركردە عوسمان قادر منەوەر لە ڕێوڕەسمێك كە شایستەبێت بەخەبات و تێكۆشانی زیاتر لە 30 ساڵ پێشمەرگایەتی بۆ كوردو كوردستان، لەسەر بنەمای دابونەریتی كوردەواری مۆرك و پیشەیی خەڵكی ئەم شارە شەهیدناسە، وەفاداری خۆیان دەربڕن و بەشداربن لە ڕێوڕەسمی ناشتنەكەی، بەداخەوە لەلایەن گروپێكی ناحەز لە پارتێكی كوردی ڕووبەڕووی هێڕشكردنە سەر خەڵك و جەنازەكە دەبنەوە، دیارە لە مێژووی ئەم شارە قارەمانەشدا ترس و تۆقاندن نەیتوانیوە چۆك بەو شارەدا بدەن. باشترین نموونەش شەڕی بەردەركی سەراو نموونەی ئازایەتی عەولەسیس و هاوڕێیەكانی لە 6 ی ئەیلوولی 1931 و هەروەها لە 9ی حوزەیرانی 1963 لە گەرمەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولیش شار دەنگی هەڵبڕی و سروودی نەتەوەییان چڕی بۆ بارزانیی نەمرو باوكی كورد بە بەخشینی گیانیان دژی زەعیم سدیق.

هەروەها لە ساڵی 1956 دا كاتی ناشتنی تەرمی پیرۆزی باوكی خەڵكی سلێمانی و مەلیكی كوردستان شێخ مەحمودی نەمر بەهەمان شێوە جەماوەری ئەم شارە ڕژانە سەرشەقام و ڕێپێوانیان سازدا و گوللەباران كران كە تێیدا ئەختەری خێزانی ڕەشۆل شەهیدكرا، لەگەڵ ئەمانەشدا بەیانی عومەر شەریف و عەبدولی سۆران و نووری حەمە عەلی و جەزای عەلی كاتب و شەفیقی ئەحمەد ئاغا و سدیق ئەفەندی ومحەمەد دەروێش نادر و ساڵح قادر ناسراو بە ساڵەپیر و جەمالی حەلاو محیدین حەمە ڕەحیم و مولازم سەید كەریم و حەسەن حوسێن هەوێنی ئازایەتی سەرقافڵەی كوردایەتی بوون لەم شارەدا، بۆیە گوللەی نامەرد سنگی پێكان، جارێكی دیكە لە 13 ی حوزەیرانی خوێناویدا دووپاتیان كردەوە سلێمانی هەمان شارەكەی هەڵمەت و قوربانییە و سەری بەرزیان نەوی ناكەن لە ئاست گوللەی ترسنۆكەكان. ئەمە سروودی هەمیشەیی تێكۆشانی ئەم شارەیە لە ئازایەتی و خۆڕاگری شێخی بەردە قارەمان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر ئاوێتەی هزر و بیری نیشتیمانپەروەریان بووە و گیانبازی دەكەن و ناهێڵن خوێنی شەهیدێك بەهەدەر بڕوات و وەفاداری خۆیانی بۆ دووپات نەكەنەوە و ڕێزی لێ نەنێن.

كارەساتەكە چۆن بوو؟

لە دوای پێكدادانی شەڕ لە پێنجوێن لە ئاكامدا خاڵە عەفان و پێشمەرگەكانی لە 8/6/1994 شەهید دەبن، عەلی مام عەبدوڵڵا و ئیبراهیم بێ تەل و هیوا غەفور سەعید و سەرهەنگ فەتحوڵلا و فەرەیدون بەهادین محەمەد. هاوكات لیژنەیەك بۆ هێوركردنەوەی شەڕەكان دروستكرا لەگەڵ چوونی بەڕێزان سەرۆك بارزانی و مام جەڵال تاڵەبانی بۆ سلۆپی لە 10/5/1994 دواتر وەك هەواڵێكی ناسۆر بەناو جەماوەری پارتی و بارزانی شاردا بڵاوبۆیەوە ئەم هەواڵە جەرگی دڵسۆزانی ئەم شارەی دەبڕی لە دوای چوار ڕۆژ لە 12/6/1994 بەهۆی كەسوكار و هاوڕێیانی توانرا تەرمی پیرۆزیی بهێننەوە بۆ سلێمانی و لەسەر خواستی جەماوەری شار نەیانهێشت هەمان ڕۆژ بەخاكی بسپێرن، ئەوشەوە تا بەیانی لە توب عەدلی شاری سلێمانی هێشتیانەوە و بەیانی زوو برا بۆ مزگەوتی كانێسكان، هەر لەگەڵ دەركەوتنی كازیوەی بەرەبەیانیشدا هەر كەس هەواڵی پێگەیشتبوو بەرەو مزگەوتی كانێسكان كەوتە ڕێ، شەقام و كوچەو كۆڵانەكانیش ڕەش و زەردو سوور دەچوونەوە و تادەهات خەڵكی شاریش لە مزگەوتەكە كۆدەبوونەوە، دواتر ڕێپێوانێكی هێمنانە دەستیپێكرد لە مزگەوتی كانێسكان بە هوتافكێشانی بژی كورد ڕۆڵەی كورد مستەفا بارزانی، هەروەها پێشڕەوی كورد پارتییە سەرۆكمان بارزانییە بەرەو لای پارێزگای سلێمانی و حەسیب ساڵح و دواتر جادەی مەولەوی و بەردەركی سەراو جادەی سجن و بەردەم فوڵكەی كاوە و نزیك ماڵی خاڵە عەفان كە خاڵی كۆتایی ڕێپێوانەكە بوو، هاوكات ماڵی خاڵە عەفان بەرامبەر لقی چواری داگیركراو بوو و دەبوو وەك ڕێزلێنان ببرێتەوە بەردەمی ماڵەكەی، بەڵام گروپێكی نەفام و دەروون نەخۆش لە باڵەخانە بەرزەكانەوە ئەو خەڵكەیان بەر گوللەداو چەندان شەهیدی لێكەوتەوە، كەریم سۆفی ناسراو بە عەریف كەریم و ئەحمەد سابیرمحەمەد و ئاراس قادر ئەحمەد نەسیم و نەریمان مستەفا دەروێش مەحمود و بەهرۆز ئەحمەد عەبدوڵلا و نوری عەلی حەسەن و ئیبراهیم حەسەن ئەحمەد و نەجمەدین عەبدول و كامەرانی شێخ مەحموود و جەمال عەزیز حیكمەت و كەمال نوری بابەشێخ و سەردار مەحمود مەعروف و حاجی نوری عەلی و عومەرلەتیف و حەمەفایەق عەلی حەمە و هاوار ڕەسوڵ و حەمە ئەمین حەسەن ڕەشید و زاهیر ئەحمەد ساڵح و بەكرعەبدوڵڵا سوڵتان و هاوار لەتیف عەزیز و زەینەب محەمەد بوو كە ناویان لەم مێژووەدا تۆماركرا، ئەمە وێڕای زیاتر لە 50 بریندار كە لە نێو ماڵەكاندا چارەسەری كاتیان بۆ كرا. لە دوای ئەوەی كەژاوەی تەرمی خاڵە عەفانی پێشمەرگەی ماندوونەناسی خاوەن زیاتر لە 30 ساڵ خەبات و تێكۆشان بەهەموو شاردا گێڕدرا بەسەر شانی خەڵكی بەئەمەك و وەفاداری شارەوە لەهەموو چین و توێژەكان بوو كە بێ سلەمینەوە لە گوللە تەرمەكەی لەسەرشان نەخرایە خوارو چەند كەسێك لەژێریا شەهیدبوون و دواتر بەرە و گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هندی برا و لەوێ بەخاكی پیرۆزیی كوردستان سپێردرا و دووخونچە گوڵی بۆ خزمەتی كوردستان بەناوی ژینۆخان و ژاڵەخان كردە دیاری كە لە دوای ئەو تاوانە لە لایەن “خاتوو نەسرین”ی شێرە ژنی بەوەفاو دڵسۆزی دایكیان پەروەردە كران و قۆناغەكانی قوتابخانەیان بەسەربەرزانە تەواوكردو بەزانست و قەڵەم داكۆكی لە كوردستان و مانەوەی ناوی باوكیان و هەمووشەهیدانی كوردستان دەكەن بەبەردەوام بوونیان لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر و پارتی پێشڕەو.

ساسان دەروێش/ هۆڵەندا