كه‌ركووك-KDP.info- كه‌سایه‌تییه‌كی كاكه‌ییه‌كان ده‌ڵێ، له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە به‌رده‌وام كاكه‌ییه‌كان له لایه‌ن داعشەوە ده‌كرێنه ئامانج و مه‌ترسیی جیددی‌یان له‌سه‌ره. به‌رپرسێكی ئاسایشی كه‌ركووكیش ده‌ڵێ، به هۆی ئه‌وه‌ی گونده‌كانی كاكه‌یی له‌گه‌ڵ داعش هاوسنوورن و هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیش نایانپارێزن، بۆیه به‌رده‌وام ده‌كرێنه ئامانج.
كاكه‌ییه‌كانی سنووری كه‌ركووك كه زۆرینه‌ی گونده‌كانیان ده‌كه‌ونه سنووری قه‌زای داقووقی سه‌ر به كه‌ركووك و به‌رده‌وام له لایه‌ن تیرۆریستانی داعشەوە ده‌كرێنه ئامانج و له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ریشەوە زیاتر ده‌كرێنه ئامانج به هۆی ئه‌وه‌ی داعش جارێكی دیكه له ناوچه‌كه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه و هیچ هێزێكیش نییه پارێزگاری‌یان لێ بكات، چونكه پێشتر به بڕیاری سه‌رۆك بارزانی فه‌وجێكیان بۆ دامه‌زرابوو ودوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و هێزه له‌وێ نه‌ماوه و هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیش نایانپارێزن.
كه‌سایه‌تیی دیاری كاكه‌ییه‌كان، ئه‌یاد كاكه‌یی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پێشتر پێشمه‌رگه له سنووری داقووق و گونده‌كانی كاكه‌یی هه‌بوو و خۆیشیان فه‌وجێكیان هه‌بوو پارێزگاری‌یان لێ ده‌كردن، به‌ڵام له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌رەوە به‌رده‌وام كاكه‌ییه‌كان ده‌كرێنه ئامانج و بۆمبیان بۆ داده‌نرێته‌وه و ده‌ڕفێندرێن و زیانیان پێ ده‌گه‌یەندرێت، چونكه هێزی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وان ناپارێزن."
ئه‌یاد كاكه‌یی گوتی: "پێش چه‌ند ڕۆژێك ئاغایه‌ك و پێنج له جووتیارانی له لایه‌ن داعشەوە ڕفێندران و تاوه‌كو ئێستاش بێسه‌روشوێنن و چاره‌نووسیان دیار نییه و هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌وان ناپارێزن و داعش‌یش جموجووڵی زۆر زیادی كردووه له ناوچه‌كه و گونده‌كانی كاكه‌ییش دواگوندی هاوسنوورن له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان."
کاکەیی گوتیشی: "چه‌ندین جار داوامان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بمانپارێزن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنی نه‌بووه."
به‌ڕێوەبه‌ری ڕاگه‌یاندنی ئاسایشی كه‌ركووك، فه‌رهاد حه‌مه عه‌لی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ماوه‌یه‌كه جموجووڵی داعش به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له سنووری كه‌ركووك و به‌تایبه‌ت له داقووق زیادی كردووه، گونده‌كانی كاكه‌ییش ده‌كه‌ونه ئه‌و سنووره‌وە، كه هاوسنوورە له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كان و داعش له‌و ناوچانه باڵاده‌سته و جگه له‌وه‌ش، نه‌ك ته‌نیا داقووق، له حه‌ویجه و ڕیاز و ناوچه‌كانی دیكه‌ش شه‌وانه داعش هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر خه‌ڵك و ده‌یانكوژن و ده‌یانڕفێنن و هێزه عێراقییه‌كانیش توانای پاراستنی ئه‌وانیان نییه."
فه‌رهاد حه‌مه عه‌لی گوتیشی: "له‌دوای نه‌مانی پێشمه‌رگه بۆشاییه‌كی ئه‌منی دروست بووه و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراقییه‌كانیش ناتوانن ئه‌منییه‌ت بۆ ئه‌و گوندانه بپارێزن و ڕووبه‌ڕووی داعش ببنه‌وه، كه داعش به‌ئاشكرا هێرش ده‌كاته سه‌ر خه‌ڵك و له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌كیی كه‌ركووك بۆ به‌غداش خه‌ڵكیان كوشتووه و ڕفاندوویانه، بۆیه نه‌ك حاڵه‌تێك، به ده‌یان حاڵه‌ت هه‌بووه، بۆیه ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه له مه‌ترسیی گه‌وره‌دایه."
له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له سنووری كه‌ركووك زیاتر له 45 هاووڵاتیی كاكه‌یی له‌سه‌ر ده‌ستی گرووپه چه‌كداره‌كان كوژراون و له چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش‌دا له سنووری داقووق داعش ئاغایه‌ك و پێنج له جووتیارانی ڕفاندووه و تاوه‌كو ئێستا چاره‌نووسیان دیار نییه.
بڵند ئیبراهیم