Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە ھەولێر ٤٠% خواست لەسەر پڕۆژەکانی وەبەرھێنان زیادی کردووە"

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاشکرای کرد، ڕەوشی کەرتی وەھەبەرھێنان بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو باشترە و دەشڵێ، خواست لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان زۆر زیادی کردووە و بە ھۆی کەمتەرخەمیشەوە ٤٨ پڕۆژە لە ساڵانی ڕابردوودا ھەڵوەشێندراونەتەوە.

دوای دەرچوونی یاسای وەبەرھێنان لە ساڵی ٢٠٠٦ و دامەزراندنی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان نزیکەی دووسەد ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دروست کراون، بەڵام لە دوای ھاتنی قەیرانی دارایی و شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، کەرتی وەبەرھێنان زیاتر لە ھەموو کەرتەکانی دیکە پاشەکشەی کرد. لەو بارەیەوە سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: " ئەو گلەییانەی ساڵانی ڕابردوو لە کەرتی نیشتەجێبوون ھەبوو کەم بوونەتەوە، چونکە وەبەرھێنەرەکان ئێستا پشتیان بە قیستی ھاووڵاتیان بەستووە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانیان، ھەر بۆ نموونە، چەند شارێک ھەبوون کێشەکانیان چارە کراون، ڕەوشەکە ئەمساڵ باشترە بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧، بەڵام بە ھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ئەو کێشانەی بۆ کەرتی وەبەرھێنان دروست بوون بە یەکجاری چارە نەبوون، ھەتا چەندیش ڕەوشی سیاسی و ئەمنی بەرەو باشتر بچێت کەرتی وەبەرھێنان زیاتر گەشە دەکات."

لە سنووری پارێزگای ھەولێر کەم نین ئەو پڕۆژانەی بە نیوەچڵی ماونەتەوە و کێشە لە نێوان کڕیار و وەبەرھێنەردا ھەیە، وەک بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر ئاشکرای کرد، بەشێک لەو کێشانە چارەیان بۆ دوزراوەتەوە و دەڵێت: "دەتوانم بڵێم چارە بۆ ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێشتر کێشەیان ھەبوو، یان بە نیوەچڵی مابوونەوە بینراوەتەوە، لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەنیا دوو پڕۆژە ھێشتا کێشەیان چارە نەکراوە، ئەوانیش دەشتی بەھەشت و پڕۆژەی کۆیە ستی، قەیرانەکەش کاریگەری ھەبوو تا چارەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان بکرێت و وەبەرھێنەرانیش خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ڕەوشەکە."

پەیوەست بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر وەبەرھێنەرە کەمتەرخەمەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی دژیان، ئەو بەرپرسەی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ژمارەیەک وەبەرھێنەر دەستگیر کراون و گوتی: "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک وەبەرھێنەری کەمتەرخەم دەرچووە، بەداخەوە بەشێکیان ھەرێمی کوردستانیان بەجێ ھیشتووە و ھەندێکیش بە کەفالەت ئازاد کراون، ئێمە داوای یاساییمان لەسەر ژمارەیەک وەبەرھێنەر تۆمار کردووە، نایشارینەوە وەبەرھێنەری کەمتەرخەم ھەبوونە، ھەر ئەوەش وای کردووە لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی وەبەرھێنانەوە لە پارێزگای ھەولێر نزیکەی ٤٨ پڕۆژە ھەڵبوەشێنینەوە."

پێداچوونەوە بە شێوازی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا دەکرێت و وەک سامان عارەب دەڵێت، لەمەودوا مۆڵەت بە پڕۆژە گرانبەھا و ھایکۆستەکان نادرێت، چونکە ھۆکار نین بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون، ھاوکات زانیاریی زیاتری دڕکاند و گوتی: "ھیچ بڕیارێک بۆ پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا نییە، دووبارە پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکاندا دەکرێت، لەمەودوا مۆڵەت بەو پڕۆژانەی نرخیان بەرزە نادرێت، چونکە دروستکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانە نابنە ھۆکار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە کەرتەکانی دیکەی پیشەسازی و کشتوکاڵ ئاژەڵداری و گەشتیاری پیشەکانی دیکە مۆڵەتیان پێ دەدرێت، ھەر وەبەرھێنەرێک پڕۆپۆزەل پێشکەش بکات بە پێی ڕێنماییەکان مۆڵەتی پێ دەدرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی پارێزگای ھەولێر گوتی: "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی خواست لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان ٤٠% بەرز بووەتەوە، ئەمەش ڕێژەیەکی دڵخۆشکەرە بۆ گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان لە دوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی."

قائید میرۆ