Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی قادر: ده‌نگدانی هەولێر، پاكترین پڕۆسە بووە و ئامادەی بە دەست هەژماركردنه‌وه‌شین

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، رایدەگەیێنێت كە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەولێر، پاكترین پڕۆسە بووە، ئامادەیشن گەر بڕیار بدرێت بە دەست بژمێردرێنەوە، هەمان ئەنجامی ئێستای دەبێت.

١٢ی ئایاری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە چوو، دواتریش هەندێ لایەن لە ئەنجامەكەی رازی نەبوون، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بڕیاری دا كە سەرجەمی دەنگەكان بە دەست بژمێردرێنەوە، هاوكات دوای سووتانی بەشێك لە سندووقەكانی دەنگدان لە كۆگاكەی رەسافەی بەغدا، ئوسامە نوجێفی داوای دووبارەكردنەوەی هەڵبژادنی كرد، وەزیری ناوخۆی عێراقیش رایگەیاند، كە ئاگركەوتنەوەكە بە ئەنقەست كراوە، لە لایەكی ترشەوە بۆ هەر بڕیارێك لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، بۆ ژماردنەوەی دەستی، یانیش دووبارەكردنەوەی، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، كە ئەمە لە دەسەڵاتی دادگای باڵای فیدراڵی عێراقدایە.

 عەلی قادر، بەرپرسی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە وەك لقی هەولێری كۆمسیۆن ئامادەین هەر كاتێك بڕیار بدرێت دەنگەكان بە دەست هەژمار بكرێنەوە، دەیكەین".

قادر، هەروەها دڵنیایی دا لەوەی كە گەر بە دەستیش دەنگەكان بژمێردرێنەوە، لە هەولێر هەمان ئەنجامی ئێستای دەبێت. وەك خۆیشی ئاشكرای كرد، پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە لە پارێزگای هەولێر، پاكترین پڕۆسە بووە.

سەرۆكی لقی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، روونیشی كردەوە، ئەوان وەك لقی كۆمسیۆن هاوكاریی هەموو لایەنەكان دەكەن، تاوەكو دوودڵی و گومانەكانیان بڕەوێنەوە.

 

خێڵان بەختیار