Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد

 

هه‌ولێر-KDP.info-  سه‌رۆك بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، دواپێشهاتە سیاسییەكان و دەركەوتنی هاوكێشەی تازە لە عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتیان خسته‌ به‌ر باسه‌وه‌. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەولەویەتە و پێویستە لایەنەكان ڕەچاوی بكەن پابەندبوونە بە سێ پڕەنسیپ، كه‌ هاوبەشی تەوافوق و هاوسەنگییە لە بوارە جۆراوجۆرەكانی حوكمڕانی.

ڕۆژی دووشەممە 11ـی 6ـی 2018، لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەی كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی كرد و، جەختیشی لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان كردەوە لە پڕۆسەی سیاسیی و قۆناغی دوای هەڵبژاردن و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز بێت و ڕۆڵی كاریگەری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هەبێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دواپێشهاتە سیاسییەكان و دەركەوتنی هاوكێشەی تازە لە عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئاڵۆگوڕ كرد. سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان ئەولەویەتە و پێویستە لایەنەكان ڕەچاوی بكەن پابەندبوونە بە سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگییە لە بوارە جۆراوجۆرەكانی حوكمڕانی و لەژێر سایەی ئەو سێ پڕەنسیپە پێویستە زۆر بە ڕوونی ڕێككەوتن لەسەر بابەت و كێشەكان و پێكهێنانی حكوومەتی تازە بكرێت.

سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكان سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە تێبینیی زۆریان لەسەر ئەدای كۆمیسیۆن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەستكاری ئەنجامەكان و ساختەكاری هەیە. ئەوەیشی خستەڕوو كە پارتی هیچ نوێنەرێكی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا نییە و بە عەمد  ژمارەیەكی زۆری دەنگی پارتییان سووتاند بە تایبەتی دەنگی كەمپەكان و دەنگی خوشك و برا ئێزدییەكان و ئامانجیش لە سووتاندنی ئەو دەنگانە ئەوە بووە كە ڕێگری بكرێت لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا دەنگی یەكەم بێت كە لە ڕاستیدا دەنگی یەكەمە.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە بۆ نەهێشتنی گومانەكان و خاوێنیی پڕۆسەكە پارتی بە هەموو ڕێكارێك ڕازی بووە جا چ ژماردنەوەی دەنگەكان بێت یان بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان لە هەر ناوچەیەك تەنانەت دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانیش. بەڵام هەوڵدان بۆ یاریكردن بە ئەنجامەكان و هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە. ئەوە زوڵمێكە لە پێشمەرگە دەكرێ و پێشمەرگە مافی خۆیەتی و پارێزگاری لە وڵاتەكەی كردووە و حەقی لەسەر هەموو لایەك هەیە و بۆچی دەبێ دەنگی پێشمەرگە بە بێ هۆكار و لەپێناو مەرامی سیاسیی هەڵوەشێندرێتەوە؟

سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا كە كاركردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەنگی پێشمەرگە ئاماژەیەكی مەترسیدارە و كاركردنە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئایندە و چارەنووسی كوردستان بۆیە بە هەموو شێوەیەك لەبەرانبەر ئەو بڕیارە زاڵمانەیە دەوەستینەوە.