هه‌ولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، چونکە بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانەوە سیاسیین، ئەوا له دادگای فیدراڵ سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن.
دوێنێ چوارشەممە، په‌رله‌مانی عێراق كۆ بووەوە یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقی هه‌موار كرده‌وه؛ ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی سڕ كرد و بڕیاری دا كه ده‌نگه‌كان به ده‌ست بژمێردرێنه‌وه و ده‌نگدانی تایبه‌ت ته‌نها له كوردستان و ده‌نگدانی ئاواره‌كان هه‌ڵوه‌شێندرێنه‌وه.
به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌سرۆ گۆران جەخت دەکاتەوە کە، مافی په‌رله‌مان نییه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، بۆی هه‌یه داوای ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگ به ده‌ست بكات و داوای لێكۆڵینه‌وه بكات، گوتیشی "به‌ڵام بۆی نییه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدان بكات، ئینجا ده‌نگدانی تایبه‌تی كوردستانیش به ته‌نها ئه‌مه ڕوونه كه بڕیارێكی سیاسییه، ئەگه‌رنا بۆ ته‌نها له كوردستان ده‌نگدانی تایبه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێندرێته‌وه؟."
خه‌سرۆ گۆران هاوکات به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگی ئاواره‌كان كوا مافی هاووڵاتیانی عێراقی و مافی ده‌نگده‌ران، بۆیه ئه‌وه مافی په‌رله‌مان نییه و بۆی هه‌یه لێكۆڵینه‌وه بكات، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆی نییه ده‌نگدان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، چونكه زۆرینه‌ی ئاواره‌كان كوردی مووسڵن كه ئاواره‌ن له هه‌ولێر و دهۆك نیشته‌جێن."
لە سۆنگەی ئەوەوە کە بڕیای پەرلەمان سیاسییه گۆران دەڵێ "ئێمه وه‌كو پارتی سكاڵای یاسایی تۆمار ده‌كه‌ین له دادگای فیدراڵی و له‌گه‌ڵ چه‌ند راوێژكارێكی سه‌رۆككۆمار قسه‌مان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین هه‌ڵوێستی سه‌رۆككۆمار چی ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مانی عێراق. جگه له‌وه‌ش ره‌نگه په‌یامێك بۆ به‌غدا ره‌وانه بكرێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه جێبه‌جێ بكرێت ئێمه هه‌ڵوێستمان ده‌بێت. "
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئه‌و كاره‌ی كراوه یاسایی و سیاسییه، بۆیه ئێمه‌ش به یاسایی و سیاسی رووبه‌ڕووی دەبینه‌وه، به‌داخه‌وه جگه له یه‌كێتی و پارتی ئه‌وان ئه‌و په‌رله‌مانیان دووچاری گرتنەبەری ڕێکاری وا کردووە، بۆیه ئێمه‌ش هه‌موو رێكارێك بۆ مافی خۆمان ده‌گرینه به‌ر".
له 12ی ئایاری ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام درا و ئه‌و كوتلانه‌ی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا شك‌ستیان هێنا و ده‌نگیان كه‌می كردووه، هەوڵەکانیان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وەی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه چڕ کردنەوە، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ ئه‌مساڵیان هه‌موار كرده‌وه.
بڵند ئیبراهیم