Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عێراق لەبەردەم گەمەیەكی گەورە

عەبدولقەهار هەولێری

ئەگەرچی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەر وڵاتێكدا بۆ بەرقەراركردنی ئاسایش و هێنانە دی دادپەروەرییە، بەڵام پێدەچێت "هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق" ئەو گێژاوە سیاسییەی عێراق تێیكەوتووە فراوانتر بكات، ئەم بۆچوونەشمان لەو ڕوانگەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق جیاوازییەكی زۆری هەبوو لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی پێشوو بە تایبەت لەڕووی لایەنە براوەكان و هاوسەنگی هێز لە وڵات.
بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لایەنی براوە ئەو لایەنانەی شیعە مەزهەبن كە لەدژی دەستێوەردانەكانی ئەمریكا و ئێرانن بەیەكەوە. بۆیە هەر یەك لە ئەمریكا و ئێران دوو لایەنن كە زۆرترین زەرەریان پێ دەگات لە دەرەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە.
هاوكات ئەگەر شیعەكان بتوانن ئەمریكا و ئێران دوور بخەنەوە، ڕەنگە ئەوكات بتوانن حكومەتێكی نیشتمانی پێك بێنن.
هەر دەربارەی ئەم پرسە سیاسیە ماڵپەڕی ڤولتێر نێت بابەتێكی بەناوی پرسی بوونی هێزە ئەمریكیەكان لە عێراق بڵاو كردۆتەوە. ڕۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كەوا دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بە ئاراستەی ئامانجەكانی ئەمریكا نین، بەڵكو ئەمجارە سەركەوتنی هەندێ لە لیستەكانی دژی ئەمریكا پەیامێكیان بەو وڵاتە داوە. بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا ئەمریكا دەتوانێ ئەو نارێك و پێكیەی ئێستای عێراق چارەسەر بكات؟ هەرچەند موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە كە ئەولەویەتی تەنیا عێراق دەبێت و یەكەم هەنگاویشی دەركردنی هێزەكانی ئێرانی و توركی و ئەمریكی دەبێت لە عێراق، بەڵام ئاراستەی سیاسەتەكانی بەرەو ڕووی ئەمریكا و دەركردنی تەواوی هێزەكانی ئەو وڵاتەیە لە عێراق.
لەو نێوەندەشدا ئێران زۆر بە بێ دەنگی سەرقاڵی ڕێكخستن و یەكگرتنی هێز و لایەنەكانی دژی موقتەدا سەدرن بۆ ئەوەی بتوانێ هاوپەیمانێتیەكی زۆرینە لەدژی موقتەدا پێك بێنێت. لەگەڵ دەرچوونی ئەمریكا لە ڕێکكەوتننامەی ئەتۆمیش، ئێران بەدوای فشارخستنی زیاترە لەسەر ئەمریكا بە تایبەت لە عێراق و سوریا و لوبنان.
لە ڕاستیدا وەك چۆن جاروبار لە میدیا ئەلیكترۆنییەكان هەندێك قسەی تەقلیدی دەكری، بەڵام لە ناوەڕۆكدا لێكدانەوەی قووڵی سیاسی پێویستە، ئەوهایش لە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەندێك گۆڕانكاری ناوەڕۆكێكی قووڵی سیاسی بەخۆیەوە دەگرێ و ناكرێ هەروا شرۆڤەیەكی سادە و ساكاری بۆ بكرێ، بۆیە پرسیاری جیدی ئەوەیە كە ئاخۆ ئەمە گەمەیەكی ترە كە كارەكتەرە سەرەكییەكانی دیسانەوە ئێران و ئەمریكان كە خودا گەورەترین ئەجێندای سیاسین لە عێراق، یان خواستی گۆڕانكاری بە فیعلی پێگەیشتووە لە عێراق و هەر بە جیدی نیەتێك هەیە بۆ تەسفیە كردنی هێزی بێگانە لەناو خاكی عێراق، كە ئەمەیان نزیكترە لە خەیاڵی زانستییەوە.

لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە