Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شەڕ لەسەر خاكی خەڵك

ئاریان فەرەج
ئەوەی دەگوزەرێ هیچ نییە جگە لە هەماهەنگی و رێكکەوتنی دێرینی بەغدا و ئەنقەرە و رێگەدان بە سنوربەزاندنی یەكدی. هیچ نییە جگە لە گەمە كۆنەكەی توركیا و پەكەكە.  هەر درێژەی ئەو سیاسەتە چەوت و گومانبارەیە كە پەكەكە لەوەتای هەیە پەیڕەوی دەكات. بە ئەنقەست بێت یان لە شكستەوە، گۆڕەپانی خۆی جێهێشتووە و شەڕ و ئاشووب و سوپای تورك پەلكێشی باشوور دەكات. بەوەش لەوەتای هەیە مایەی سەریەشە و گێچەڵ و بەڵایە بۆ باشووری كوردستان.
پەكەكە بە حیساب بۆ باكوور خەبات دەكات و بەڵام لە هەر سێ پارچەكەی دیكە شەڕ و شەڕڤان و چالاكی و خۆهەڵقورتاندنی هەیە تەنیا لە باكور نەبێت. گێچەڵ بە حكوومەتی هەرێم و هەموو هێزە كوردییەكانی هەموو پارچەكان دەكات، تەنیا تورك و سوپای تورك نەبێت. بۆ شەڕی هەموان ئازایە، بەرامبەر هەمووان لوتبەرز و بوغرایە تەنیا بەرامبەر بەو لایەنە نەبێت كە گوایە چەكی لە دژی هەڵگرتووە و دەبوایە بۆی لە مەیدان بێت.

دەمێكە هێزە ئیقلیمییەكانی وەك ئێران و توركیا شەڕ لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆیان وەك ستراتیژێك پەیڕەو دەكەن. لە بری ئەوەی لەسەر خاكی خۆیان و لە ناو خەڵكی خۆیاندا شەری نەیارەكانیان بكەن، لە دەرەوەی ماڵ و سنورەكانی خۆیاندا سەرچاوەكانی مەترسیی بۆ سەر ئەمنی قەومییان دەكەنە ئامانج. جیا لەوەی دەوڵەتی عێراق لە دێرینەوە ئەم ستراتیژەی توركیای بە رێكکەوتن قبووڵ كردووە، هیچ یەك لەو دوو وڵاتە ئیقلیمییەش ئەم ستراتیژە ناشارنەوە و بە دەنگی بەرز رایدەگەیەنن كە لە كوێ مەترسی لە دژیان هەبێن روو لەو جێیە دەكەن و لە لانكەی خۆیدا مەترسیەكە دەخنكێنن. وجود و چالاكییە سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئیران لە هەر یەك لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان ولەشكركێشی توركیا بۆ عەفرین نموونەگەلێكی یەكجار زەق و بەرچاون. تا ئەم چركەساتەش كاردانەوە و هەڵوێستی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەم ستراتیژە ئیقلیمییەدا شتێك نییە شایانی باس بێت.
جیا لە رێکكەوتنی كۆن لەگەڵ توركیا و جیا لەو پەیوەندییە نائاساییەی عێراق بە ئیرانەوە دەبەستێتەوە، پشتگیریی ئەم دواییەی هەردوو ووڵاتیش بۆ بەغدا لە دژی كوردستان و ریفراندۆمەكەی، بێ پاداشت و بێ بەرامبەر نییە. بۆیە هەر كەسێك لە پرسی هاتنی سوپای توركیادا دەستی خەتاباری بۆ حكوومەتی هەرێم و پارتی درێژ دەكات، جگە لە گێلایەتیی سیاسی و بەگێل زانینی خەڵك، هۆكارێكی دیكەی نییە. هەرچی لەو بارەیەوە روو دەدات، دەرهاویشتەی رێکكەوتنەكانی هەر سێ دەوڵەت و ئاكامی سیاسەتی هەڵە و شومی پەكەكە یە و زەرەرمەندیش باشووری كوردستان و گوندنشینانی سنوورەكانی ئێمەیە.