Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەنزینخانە حكوومییەكان دەكەونەوە كار و نرخی بەنزینیش هەرزانتر دەبێت

 

هەولێر-KDP.info-  قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێ، پارێزگاری هەولێر لە هەوڵی رێككەوتندایە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بە بەردەوامی بەنزین بە نرخێكی گونجاو لە ئەوان بكڕدرێت. وەك ئەو گوتی، بەنزینخانە حكوومییەكانیش نۆژەن كراونەتەوە و، هەر كاتێك بگەنە ڕێككەوتن، دەكەونەوە كار و نرخی بەنزین هەرزانتر دەبێت.


لە ئێستادا بەنزینخانە حكوومییەكان كار ناكەن و بەنزین تەنیا لە بەنزینخانە ئەهلییەكان دەفرۆشرێت، كە وەك شرۆڤەكاران دەڵێن، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، كاریگەری هەبووە لەسەر نرخی بەنزینیش و، ئەمەیش وای كردووە نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستانیش بەرز ببێتەوە، بۆیە هاووڵاتیان داوا دەكەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان چارەی ئەو كێشەیە بكات، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 700 بۆ 725 دینارە.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ چارەكردنی كێشەی بەنزین، پارێزگاری هەولێر لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا، بۆ ئەوەی بتواندرێت بە بەردەوامی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستانیش دابین بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش رێككەوتنێك بكرێت، تا جارێكی دیكە بەنزین لە رێگەی بەنزینخانە حكوومییەكانەوە دابەش بكرێتەوە".

قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر دەشڵێ: "وەك قۆناغی یەكەم، بڕێكی بەنزین كە نزیكەی 3 ملیۆن لیترێك دەبێت، لە حكوومەتی عێراق كڕدراوە و هەموو بەنزینخانە حكوومییەكانیش نوژەن كراونەتەوە و ئامادەن بۆ كاركردن، كە هەر كاتێك بگات، دەست بە دابەشكردنی دەكەن، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر نرخی بەنزین دەبێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بە جۆرێك لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتن بكەین كە بە بەردەوامی وەكوو پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەنزینمان بۆ دابین بكرێت".
ئەو هەروەها ئاماژەیش دەدات: "تاكە چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە، ئەوەیە كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق بگەینە رێككەوتن، چونكە لە ئێستادا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێ بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئەو كێشەیە چارە بكات و تەنیا دەتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، كە ئەمە ئەولەوییەتی كاری حكوومەتە و ناتوانێ نەوتی خاو بكاتە بەنزین، بۆیە گەر لەگەڵ حكوومەتی عێراق بگەینە رێككەوتن، ئەو كێشەیە بە تەواوی چارە دەبێت".

نەبەز عەبدولحەمید باسی لەوەش كرد: "حكوومەتی عێراقیش ئەگەر بەنزین بداتە هەرێمی كوردستان، بەخۆڕایی نابێت و بە پارە دەفرۆشێتە هەرێمی كوردستان، بۆیە لەم چەند رۆژەدا ئەنجامی گفتوگۆكان دیار دەبێت لەگەڵیان دەگەینە رێككەوتن یاخود نا، چونكە ئەگەر بگەینە رێككەوتن، كاریگەری دەكاتە سەر نرخی بەنزینی بازرگانییش".

لە ئێستادا حكوومەتی عێراق بەنزین بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان دابین دەكات و، یەك لیتر بەنزینیش بە 450 دینار دەفرۆشیرێتە هاووڵاتیان.

بڵند ئیبراهیم