Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی فەرمیی پارتی: تەئیدی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست دەکەین

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردن دەڵێ، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین، بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووك ئیلغا دەكاتەوە، رەت دەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین.


دەقی راگەیەندراوی  مەحموود محەمەد  گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان:

دوابەدوای راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانی و گومان لەو دەرئەنجامانە بڵاوبۆوە، ئێمەش وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمیی لە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیماندا رامانگەیاند کە لە دەرئەنجامەکان گومانمان هەیە و غەدرێكی زۆریش لە پارتی كراوە، بۆیە بۆ رەواندنەوەی كۆی گومان و نارەزاییەتییەكانی لایەنەكان بە باشی دەزانین كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لە چوارچێوەی یاسادا كاری پێویست ئەنجام بدات.

ئێستاش بابەتی دەرئەنجامەكان بووەتە ئاڵۆزییەکی زۆری راگەیاندنەكان و هەر كەس و لایەنێك بە شێوازێك شرۆڤەی دەكات و بەئاقارێكدا قسەی لەسەر دەكا، بۆیە و لە روانگەی هەست بە بەرپرسیارییەتی و بە خەمەوە بوونی پاراستنی سەقامگیری و رەواندنەوەی گومانەکان، هەر بریارێك بدرێت بە رێگای یاسایی بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و بۆ مەبەستی گێرانەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان و دەنگدەران، ئێمە بە باشی دەزانین و تەئیدی دەكەین.

شایەنی باسە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە تەنیا دەرئەنجامەكانی هەرێمی كوردستان و كەركوك ئیلغا دەكاتەوە، رەت دەكەینەوە و بە بریارێكی سیاسی دەزانین..

هەروەها لە پێناوی چارەسەری كێشە و رەواندنەوەی گومانەكان و زیاتر ئاڵۆزنەكردنی بارودۆخەكە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەكین كە بە رێگای دەستووری و یاسایی هەنگاوی بۆ بهاوێژێ.
          

             مەحموود محەمد
   گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
۳٠ـی٥ـی۲٠۱۸