جەبار قادر
یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی كه له‌م سه‌ده‌یه‌دا به گرینگییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه كه ئایا دێمۆكراسی ده‌توانێت به‌ها هاوبه‌شه‌كان بپارێزێت؟ یان دێمۆكراسی له‌ژێر هه‌ژموونی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سیاسییه‌كاندا خۆی مه‌ڵاس ده‌دات و ناتوانێت به‌ها هاوبه‌شه‌كان بپارێزێت و په‌ره‌یان پێبدات؟ به‌ڵام دواجار ئه‌و پرسیاره قیت ده‌بێتەوە كه ئایا چن ئه‌و به‌ها هاوبه‌شانه‌ی مرۆڤایه‌تی پێكه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه و ده‌یپارێزێت؟ به دیوێكی دیكه‌دا قسه‌كردنه له‌سه‌ر دیوه ڕه‌شه‌كه‌ی دێمۆكراسی، چونكه پرۆسه‌كه خۆی، به‌رده‌وام لێكه‌وته و ده‌رهاویشته‌ی جیاجیای لێ ده‌بێته‌وه، كه هه‌ندێ كات مه‌رج نییه به‌خته‌وه‌ری و پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی به‌داوه بێت.
(دیماگۆگ؛ demagogue)؛ دیوه ڕه‌شه‌كه‌ی دێمۆكراسی
ژیان گۆڕانكارییەکی جه‌وهه‌ریی به‌سه‌ردا هاتووه، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و كۆششه‌ی كه چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك مرۆڤ له پێناو كۆكردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له چوارچێوه‌ی چه‌ند به‌هایه‌كی هاوبه‌شدا هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی بۆ ده‌دات، خه‌ریكه ده‌بێته تۆز و با و گرینگایەتی و به‌های خۆی له ده‌ست ده‌دات، مرۆڤبوون و مرۆڤایه‌تی له‌ژێر پرسیاردان، نازاندرێت به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێن و چ شتێك به گرینگه‌وه كۆیان ده‌كاته‌وه؟
له پرۆسه‌ی دێمۆكراسیدا، هه‌میشه به‌ربه‌ست و دیتگای جیاواز بۆ ئیداره‌كردنی كۆمه‌ڵگا دێته پێشه‌وه؛ بیرۆکەی پۆپۆلیستی و دیماگۆگیانە، دوو دیتگای هەرە نوێباوی ژیانی سیاسی و كولتووریی ده‌سته‌بژێرێکی گرینگی وڵاتانن؛ پرۆسه‌ی دێمۆكراسی وا خه‌ریكه به‌رده‌وام ده‌كه‌وێته ژێر پرسیار و هه‌ژموونه‌وه، چونكه ده‌رهاویشته‌كانی پڕۆسه‌كه له‌ژێر هه‌ژموونی بیری توندڕۆیی و هه‌ڵه‌خه‌ڵه‌تاندن و چه‌واشه‌كاریی گشتیدا ده‌ناڵێنن، بۆیه‌شه ئاریشه‌كانی ئێستای به‌رده‌م دێمۆكراسی، زۆر جیاوازن و لێكه‌وته‌كانیشی مه‌ترسیدارن؛ ئالێره‌دا ئه‌و پرسیاره جه‌وهه‌رییه سه‌رهه‌ڵده‌دا كه ئاخۆ دێمۆكراسی ده‌توانێت چ بۆ كۆمه‌ڵگاكان بكات؟ چ شتێك له ژیانی گشتی ده‌گۆڕێت؟ ئایا ده‌توانێت پرۆسه‌كه وه‌كو خۆی به‌رده‌وام بێت؟
بنەمای دیماگۆگی زیاتر له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری و تەفرەدانی خەڵک بنیاد نراوه، واته كار له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری ده‌كات و، خۆیشی ئه‌م لایه‌نه‌ی لا ڕوونه، كه له ڕێگه‌ی چه‌واشه‌كارییه‌وه ده‌یه‌وێت كاریگه‌رییه‌كانی به‌هێز بكات، دواجار كار و ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له چەواشەکردنی خەڵکانی دیکە، به‌ڵام خۆی به ئاگاییه‌وه ئه‌م كاره ده‌كات، دیماگۆگه‌كان جگه له هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك و چه‌واشه‌كردنیان خۆیشیان ئه‌م لایه‌نه‌یان لا ڕوونه و به لایانه‌وه بووه‌ته پرۆسه‌یه‌كی ئاسایی و باوه‌ڕیشیان پێی هه‌یه. خۆی پرۆسه‌ی دێمۆكراسی له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا ده‌سووڕێت و به كاری ده‌هێنن، له ڕێگای چه‌واشه‌كارییه‌كی زۆره‌وه هه‌ندێ كات ده‌توانن ڕای گشتی بجووڵێنن. دیماگۆگه‌كان خیانه‌تی نیشتیمانی ده‌كه‌ن و به‌شێكن له پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی، كه‌چی هه‌ژموونی بیری ناسیۆنالیستی و دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. دیماگۆگه‌كان مافیائاسا سامانی گشتی ده‌به‌ن و له بیری قۆرخكاری ده‌سه‌ڵات و ئابووریی و بازاڕدان، له‌و لاشەوە بانگەشەی پێكه‌وه‌ژیان و شه‌فافیه‌ت و دادگه‌ری دەکەن! دیماگۆگه‌كان هه‌ڵگری ئاڵای ئازادی و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسین، له‌به‌رانبه‌ریشدا بیری تاكڕۆیی و تاكجه‌مسه‌ری به‌هێز ده‌سه‌پێنن.
زۆر وردبوونه‌وه بزانە چۆن دیماگۆگه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی و گرووپی خۆیاندا، پرۆسه‌ی دێمۆكراسی به كار ده‌هێنن، كار بۆ جووڵاندنی هه‌ستی خه‌ڵك ده‌كه‌ن، ڕواڵه‌تیان هاوشێوه‌ی هاووڵاتیەکی ئاساییه، ڕه‌فتاریان له هزر و باوه‌ڕ و بۆچوونه‌كەیان جیاوازه، دایمە دوو دەمامکی جیاوازیان لە ڕواڵه‌تیان هەڵپێچاوە، ئه‌مه ئه‌و هزره ناڕۆشنه تاریكه‌یه كه پرۆسه‌ی دێموكراتیکی خستووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه.
لە ڕووی مێژووییەوە، پۆپۆلیزم بە شێوازە ڕاستڕۆ و چەپڕۆکاندا هاتووە، ئێستاکە هەردوو شێوازەکە، به یه‌ك شێوە کار دەکەن و هاوشێوەن؛ پۆپۆلیسته‌كانیش ئاریشه‌یەکی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی پرۆسه‌ی دێمۆكراسین، به‌ڵام ئه‌وان زۆر گوناحن، چونكه هه‌ڵخه‌ڵەتێندراون، ئه‌و ته‌نانه‌ت خۆیشی چەواشە دەکات، به مانایه‌كی ڕوونتر، دیماگۆگ و پۆپۆلیست، هه‌ردووكیان بنه‌مایان له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری و هاندان و ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵكە بۆ گه‌یشتن به ئامانجه سیاسی و كولتووری و ئابوورییه‌كەی خۆیان، به‌ڵام تاكه شتێك كه جیاجیان ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه پۆپۆلیسته‌كان به دروشم و به‌ڵێن و ئامانجه‌كانیان، خۆیشیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن.
دێمۆكراسی له پرۆسه‌یه‌كی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و به‌شداریی خه‌ڵكه‌وه، خه‌ریكه ده‌بێتە ڕەوتێکی قۆرخكارانە و به‌كارهێنان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی زۆرینه‌یه‌ك كه زیاتر له ڕێگه‌ی دروشم و به‌ڵێن و پرۆژه و ئاودیوكردنی به‌ها جوانه‌كانه‌وه خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌م پرۆسه‌یه ئێستا دیماگۆگه‌كان و پۆپۆلیسته‌كان و ده‌سته‌بژێرێكی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له دنیادا، به ئاسانی ده‌توانن به كاری بهێنن و لێی بخۆن، به جۆرێك له ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی دێمۆكراسی و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ڕای زۆرینه‌یه‌كی گشتی بۆ خۆیان ڕابكێشن یان په‌یدای ده‌كه‌ن (به هه‌ر میكانیزم و پێوه‌رێك بێت)، یان بۆی په‌یدا ده‌كه‌ن، به دیوێكی دیكه‌دا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و سیسته‌مه‌كه به جۆرێك ڕێك بخه‌ن كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا بێت، ئه‌مه‌ش به به‌كارهێنانی چه‌ندین دروشم و به‌ڵێن و ئامانجی گه‌وره و ته‌كنه‌لۆژیا و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بیرێكی توندڕۆیی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی نه‌ته‌وه و وڵات و شكۆیی مرۆڤ به كار ده‌هێندرێت.
هه‌میشه ئه‌و دیتگابینییه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بووه، كه هێنان و گواستنه‌وه‌ی دێمۆكراسی بۆ ئه‌م ناوچه‌یه گۆڕانكاری جه‌وهه‌ری له ژیان و دیتگابینیی خه‌ڵكدا دوست ده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نه‌بووه ئه‌م پرۆسه‌یه خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیانی ئه‌م ناوچه‌یه هێنابێت، چونكه دواجار نه سیسته‌مه سیاسییه‌كه نه پێگه كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه، هیچ کامێکیان ئاماده‌ساز نه‌بوون بۆ په‌سه‌ندكردنی ئه‌م پرۆسه‌یه، یان به ڕوویه‌كی دیكه‌وه به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌می زه‌قتر و به‌هێزتر كراون، بۆیه‌شه ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌م پرۆسه‌یه مه‌رج نییه ئه‌رێنی بووبێت.
به‌های هاوبه‌ش كۆمان ده‌كه‌نه‌وه؟
پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه ئه‌وه‌یه، مرۆڤایه‌تی و پرۆسه‌ی دێمۆكراسی چۆن له بیری دیماگۆگی و پۆپۆلیستی ده‌ربازی ده‌بێت؟ ئایا مرۆڤایه‌تی ده‌توانێت له ڕێگه‌ی به‌ها هاوبه‌شه‌كانه‌وه جارێكی دیكه به دیتگایه‌كی ڕوونتر كۆمان بكاته‌وه؟ یان پارێزگاری له پرۆسه‌ی دێموكراسی بكات و به‌رگێكی به‌هێز و ڕووونتری به به‌ردا بكاتەوە؟ به شێوه‌یه‌كی دیكه چۆن بتوانین پێكه‌وه له‌م بیره توندڕۆ ڕواڵه‌تییه به‌رژه‌وه‌ندیخوازانەیه ده‌ربازمان ببێت.
به‌ها هاوبه‌شه‌كان هه‌موو ئه‌و به‌ها و مۆراڵانه ده‌گرێته‌وه كه به‌شێكن له پێكه‌وه‌بوون و پێكه‌وه‌گونجانی كولتووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، کە لێبوورده‌یی و پلوڕالیزم و پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاشتی و سه‌روه‌ریی مرۆڤ و پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیتنكییه‌كان، هەرهەموویان ده‌گرێته‌وه. له شه‌ش سه‌ده‌ی ڕابردوودا مرۆڤ هه‌موو قوربانییه‌كی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م به‌ها هاوبه‌شانه و كۆكردنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی له چوارچێوه‌ی ئه‌م به‌ها هاوبه‌شانەدا داوه، بۆیه‌شه كولتوری سیاسیی وڵاتانی رۆژئاوا له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌ها هاوبه‌شكان بنیاد ده‌ندرا، یان هه‌میشه له‌ژێر گوشاری بیرمه‌ند و گرووپه مه‌ده‌نییه‌كان بوو بۆ پابه‌ندی به به‌ها هاوبه‌شكانه‌وه، به‌ڵام ئێستاكێ ده‌یانپارێزێت و په‌ره‌یان پێده‌دات، چونکه گۆڕانكاریی گه‌وره له بیر و هزری مرۆڤ بۆ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی مرۆڤایه‌تی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ڕه‌گه‌زه‌كانی ژیان گۆڕدراون و كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كان ژیان له چوارچێوه‌ی ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندیدا ده‌سووڕێنه‌وه. ئالێره‌دا پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كه قوت ده‌بێتەوە ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و به‌ها هاوبه‌شانه ئێستا مرۆڤبوون و مرۆڤایه‌تی كۆ ده‌كاته‌وه؟ یان به دیوێكی دیكه‌دا چن ئه‌و به‌ها هاوبه‌شانه‌ی كه مرۆڤایه‌تی كۆ ده‌كاته‌وه؟ بۆیه جارێكی دیكه هیواكان پێویستیان به شۆڕش و نوێبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه هه‌یه.
دێمۆكراسی و پاراستنی به‌ها هاوبه‌شه‌كان
سێ فاكته‌ر‌ی سه‌ره‌كی بوونە هۆی گه‌شه‌ی دێمۆکراسی له ڕۆژئاوادا؛ یەکەم مه‌عریفه و گه‌شه‌ی زانستی، ئینجا گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری، پاشان پێگه‌ی مێژوویی؛ هه‌ر کام له‌م فاكته‌رانه كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار زۆریان له به‌رەوپێشچوونی كۆمه‌ڵگایه‌كاندا به‌شێوازی جیاجیادا هه‌بووه، به‌تایبه‌ت له به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی دیموکراسی و گۆڕانكارییه جه‌وهه‌رییه‌كانی سیسته‌می ئایینی و سیاسی و كولتوورویدا، كه هه‌موویان هاوشانی یه‌كتر و ڕه‌تنه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه توانیویانه جیاوازییه‌كان به هه‌ند وه‌ربگرن. به‌ڵام پرسیاری گرینگ ئه‌وه‌یه، كه دێمۆكراسی توانیویه‌تی به‌ها هاوبه‌شه‌كان بپارێزێت؟
دێمۆكراسیەکەی ئێستای رۆژئاوا نه‌یتوانیوه به‌ها مرۆییه‌كان بپارێزێت، چونكه تائێستایش بیری توندڕۆیی و ئیتنۆسه‌نته‌ریزم له دیتگابینیەکەی به‌شێكیاندا هه‌رماوه، له ڕێگه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه زۆر جار پاڵه‌وانی میدیایی و ناڕوونیی به‌رنامه‌یی به‌شێك له گرووپ و هێز و كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون، په‌ره‌سەندنی بیری پۆپۆلۆلیستی و دیماگۆگی باشترین و به‌ڵگه‌یەکی هەرە ڕوونه بۆ ئه‌م باسه. تائێستایش پشتگیریكردن و بێده‌نگبوون له ئاست توندڕۆییی كولتووری سیاسیی هه‌ندێك له وڵاتانی رۆژهه‌ڵات له دیارده زه‌قه‌كانه.
ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت ڕێگری له بیری دیماگۆگی له‌م ناوچه‌یه‌دا بكه‌ن، پێویسته له چوارچێوه‌ی گه‌نده‌ڵی و بردنی سامانی گشتی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بێنه ده‌رێ، پڕۆسه‌ی شه‌فافیه‌ت و باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك و ئازادییه‌كان ببه‌نه قۆناغێكی دیكه‌وه، په‌ره به كاری هاوبه‌شی گرووپی بدرێت، ناسنامه‌ی نیشتیمانی كارتی به‌هێز بێت، ئه‌گه‌رنا دواجار بیری دیماگۆگی و پۆپۆلیستی هه‌موومان ڕاده‌ماڵێت و هه‌ستی بوونی ناسنامه و نیشتمانپه‌روه‌رییش ده‌بێته قوربانی چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی زه‌قی به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی چه‌ند كه‌سێك.
دواقسه، چ بكرێت بۆئه‌وه‌ی ببێته به‌دیل بۆ پاراستنی دێمۆكراسی و بنیادنانه‌وه‌ی به‌ها هاوبه‌شه‌كان وه‌گه‌ڕ بخرێنه‌وه، باشترین ده‌رچه بریتییه له هۆشیاریی تاك، هۆشیاریی تاك، هۆشیاریی تاك.