Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێكھاتەكان داوای گەرەنتی لە حكوومەتی نوێی عێراق دەكەن

 

هەولێر-KDP.info- پێكھاتەكان لە ھەموو كاتێك زیاتر ھەست بە مەترسی دەكەن و داوای گەرەنتی لە حكوومەتی داھاتووی عێراقدا دەكەن، وەك چالاك و نوێنەری پێكھاتەكانیش ئاماژەی بۆ دەكەن، تا عێراق پابەندی دەستوور نەبێت و مافی پێكھاتەكان پێشێل بكرێت، مەترسیی گەورە بۆسەر پێكھاتەكانی عێراق دروست دەبێت.

 

جەعفەر سمو، چالاكی كوردی ئێزدی، چاوی بڕیوەتە پەیوەندیی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ رێككەوتن لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، تا مەترسیی كارەساتی دیكە لەسەر كوردانی ئێزدی دووبارە نەبێتەوە.

سمو، لە شاری دھۆكەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە درێژایی مێژوو سایكۆلوژیای كوردانی ئێزدی تێك شكێندراوە بەھۆی ئەو كارەساتانەی بەسەر ئێمەدا ھاتوون، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئێستا كە نەك خێرمان لە عێراق نەبینیوە، بەڵكوو بەردەوام جینۆساید كراوین، بەڵگەیش بۆ قسەكانم، تا ئێستا لەو ناوچانەی دەكەونە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، یەك مافیان پێ نەدراوە، تەنانەت تاپۆكردنی موڵك و ماڵی كوردانی ئێزدی لە شنگال لەسەر ناویان تاپۆ نەكراوە و قەدەغەیە لەسەریان تاپۆ بكرێت، ئەمەیش ستەمە لە خەڵكی ئێمە دەكرێت ئینجا لە جینۆسایدەوە بگرە تا كۆتایی".

لەدوای كوردانی ئێزدی، كریستیانەكان لە ئاڵۆزییەكانی عێراق زۆرترین زیانیان بەركەوت، لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ھێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش، زیاتر لە ٢٠٠ كریستیان بە دیل كەوتنە دەست داعش و ٢٠٠ ھەزاری دیكەیش ئاوارەی ھەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە بوون، لەمبارەیەوە، وەحیدە یاقوو، ژنە پەرلەمانتاری كریستیان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە ھێشتا چاوەڕێی كوتلە گەورەكانی براوەی ھەڵبژاردنین بۆ گەییشتن بە رێككەوتن، دواتر دەست بە دانوستان دەكەین، بە تایبەتی لەگەڵ كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان، چونكە پارتی كوتلەی زۆرینەی ھەرێمی كوردستانە و لەگەڵ كاك نێچیرڤان بارزانی دانوستان كراوە، تا لە كاتی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراقدا، داواكاریی ئێمە پێشكەش بكرێت".

پێكھاتەكان گەرەنتییان دەوێ

لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، مەترسیی گەورەتر لە داعش بۆ سەر شنگال و ناوچە ئێزدینشینەكان دروست بوو، ئەویش بە ھۆی داگیركاریی حەشد و ھێزە عێراقییەكانەوە، وەك جەعفەر سمو  ئاماژەی بۆ كرد: "ئێزدی بێئومێد بوونە لە دەستەڵاتدارانی عێراق و، تا ناوچە ئێزدینشینەكان نەگەڕێنەوە سەر ھەرێمی كوردستان، مەترسیی لەنێوچوونیان ھەر بەردەوام دەبێت، بەر لە ھاتنی داعشیش گەلی ئێمە رووبەڕووی لەنێوبردن و كوشتن و رفاندن بووەتەوە، بەردەوام ئێزدی دەبوونە ئامانجی گرووپە توندڕۆكان، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە نێو جەرگەی شاری مووسڵدا ٢٤ كرێكاری بێدەستەڵات و ھەژاری كوردی ئێزدی كرانە ئامانج و شەھید كران، بەڵێ مەترسیی زۆریش ھەیە لەسەر پێكھاتەكان و پەرلەمانی عێراق ئامادە نەبوو یەك كۆبوونەوەی تایبەت بكات بە كارەساتی سەر كوردانی ئێزدی، ئێستایش ئەگەر ھەوڵ نەدرێت بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و گەڕانەوەی شنگال و ناوچەكانی ئێمە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان، مەترسیی گەورەتر لەسەر ئێزدیان ھەیە".

 

كریستیانەكان جگە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش، پێشتریش لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، چەندین جار كرانە ئامانجی كردەوە تیرۆرستییەكان و بەو ھۆیەوە زۆربەی ھاووڵاتیانی كریستیانی بەغدا و حللە و كەركووك، شارەكانیان بەرەو ھەرێمی كوردستان بەجێ ھێشت، وەحیدە یاقوو دەڵێ: "كریستیانەكان ئەمجارە زیاتر ھەست بە مەترسی دەكەن، لەبەر ئەوەی لە كۆی پێنج كۆتای كریستیانەكان، دوو كورسی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە برداون و سێ كورسی لە كریستیانەكانی ھەرێمن، ئەوانەیشی سەر بە حەشدن، بێگومان دەبنە مەترسی بۆ سەر پێكھاتەی كریستیان، ھەتا ناتوانین وەك پێویستە داوكاریی خۆمان بكەین و بەرگری لە مافەكانی خۆمان بكەین، بەڵێ مەترسی ھەیە بۆ سەر پێكھاتەكان، بە تایبەتی لە ناوچەكانی سنووری دەشتی نەینەوا، چونكە ناوچەكە داگیر كراوە لە دوای داعش و نازانین داھاتوویان چی دەبێت".

 

پێكهاتەی توركمان، ھەمان مەترسیی پێكھاتەكانی دیكەیان ھەیە، بەڵام بە شێوەیەكی دیكە، ئەویش ئەوەیە كە مەترسی بۆ سەر ھەرێمی كوردستان، مەترسی بۆ سەر ئەوانیش دروست دەكات، مونا قەھوەچی، سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "پێكهاتەی توركمان، مافەكانی وابەستەیە بە مافی میللەتی كورد لە ھەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەش ئەگەر مافی خەڵكی كوردستان بدرێت، ئەوە بێگومان مافی گەلی توركمانیش دابین دەكرێت، بە پێچەوانەوە مەترسی دەبێت بۆ سەر پێكەوەژیان لە عێراقدا، چونكە پرەنسیپی شەراكەت مەرجە بۆ داھاتووی عێراق و پێكەوەژیان، ھەر كاتێك پەیوەندیی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا كاڵ ببێتەوە، مەترسی بۆ ئێمەیش دروست دەبێت، چونكە لە عێراقدا ھیچ گەرەنتییەك بۆ ھیچ نەتەوە و پێكھاتەیەك نییە جگە لە عەرەب".

 

قائید میرۆ