Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی یاسایی: پەرلەمان و دادگای فیدراڵی، دەستەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنیان نییە

 

بەغدا-KDP.info-  سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بەپێی دەستووری عێراق، نە پەرلەمان و نە دادگای فیدراڵی ناتوانن بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بدەن، بۆیە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان، هیچ بەهایەكی یاسایی و دەستووریی  نییە و، پارتییش بەشداریی تێدا ناكات.

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ماوەی چەندین رۆژە لە رێگەی ئەو پەرلەمانتار و كوتلانەی دەنگی پێویستیان نەهێناوە كە خۆشی یەكێكە لەوانەی لەو هەڵبژاردنەدا دەرنەچووە، هەوڵی ئەوە دەدەن كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەن و تێیدا ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێننەوە، تاوەكو ئێستایش سێ كۆبوونەوە ئەنجام دراون و نیسابی یاسایی تەواو نەبووە و كۆبوونەوەكان دوا خراون، بۆیە بڕیارە سبەی دووشەممە هەوڵێكی دیكە بدەن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی.

موحسین سەعدوون، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق لە پشووی یاسادانانی خۆیدایە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ناكرێت پەرلەمان لەو ماوەیەدا كۆ ببێتەوە، تەنیا كۆبوونەوەی نائاسایی نەبێت، بۆیە ئەو كۆبوونەوەیەی هەندێك كوتلە و سەرۆكی پەرلەمان هەوڵی بۆ دەدەن، هیچ بەهایەی یاسایی و دەستووریی نییە".

سەعدوون گوتیشی: "دەستەڵاتی پەرلەمان نییە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەڵوەشێنێتەوە، ئەمە بەپێی دەستووری عێراق، چونكە پەرلەمان دەتوانێ یاسا دەركات و هەمواریان بكاتەوە، بەڵام بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن، پەرلەمان ئەو مافەی نییە، چونكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دەستەی دادوەری هەیە، بۆیە دەستەی دادوەری دەتوانێ بڕیار لەسەر ساختەكاری و سكاڵاكان بدات لەو شوێنانەی كراون، بەڵام ئەویش ناتوانێ ئەنجامەكان هەڵوەشێنێتەوە و تەنانەت دادگای فیدراڵییش ناتوانێ ئەوكارە بكات، لەبەر ئەوەی لە ماددەی 93ی دەستووری عێراقدا هاتووە، دادگای فیدراڵی تەنیا مافی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەیە نەك هەڵوەشاندنەوەیان، بۆیە ئەوانەی داوای هەڵوەشاندنەوەی دەكەن، پێچەوانەی دەستوور و یاساكانی عێراق ڕەفتار دەكەن".
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەش كرد: "ئەگەر سبەی نیسابی یاساییش تەواو بێت، پەرلەمان ناتوانێً هیچ بڕیارێك بدات، چونكە ئەوانەی ئێستا دەیانەوێت ئەو بڕیارە بدەن، هەر خۆیان بوون داوایان دەكرد دەنگدانی ئەلیكترۆنی بێت و خۆیشیان دەنگیان پێ داوە، بۆیە بۆ ئەوەی ئەنجامەكان هەڵوەشێندرێنەوە، پێویستە یاساكە جارێكی دیكە هەموار بكرێتەوە كە ئەمەیش 20رۆژی زیاتر دەوێت و دەبێ پەرلەمانیش لە پشوودا نەبێت، بۆیە ئەمە كارێكی زەحمەتە و ناكرێت".

موحسین سەعدوون، كە هاوكات ئەندامی فراكسیۆنی پارتییە، ئاشكراشی كرد: "پارتی دیموكراتی كوردستان بە هیچ شێوەیەك بەشداری لەو دانیشتنانەی پەرلەماندا ناكات، چونكە پێچەوانەی یاسا و دەستوورن، بۆیە بایكۆتی دەكەین و بەشداری ناكەین، لەبەر ئەوەی هەر بڕیارێك بدرێت مەترسیدارە و ئەگەری شەڕی ناوخۆی لێ دەكەوێتەوە، ئەمە جگە لەوەی كە دەستەی دادوەری دەتوانێ لە هەر شوێنێك ساختەكاری كراوە و سكاڵا هەیە، ئەوان بڕیاری لێ بدەن نەك هەموو ئەنجامەكان هەڵوەشێننەوە، ئەمە بە هیچ شێوەیەك ناكرێت".

بڵند ئیبراهیم