Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارێزگاری دھۆک هۆکاری گیان‌لەدەستدانی حەوت کەسەکەی زیندانێکی دهۆک دەخاتە ڕوو

دهۆک-KDP.info- ئەمڕۆ ئێوارە بە ھۆی نانەوەی پشێوی و شەڕ و ئاڵۆزی لە نێو زیندانی چاکسازیی زڕکا لە شاری دھۆک، حەوت زیندانی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون، پارێزگاری دھۆکیش دەڵێ، ئەوانەی پشێوییان دروست کردووە ھەوڵی ئەوەیان داوە لە زیندان ڕا بکەن و بە ماددەی تیرۆر حوکم دراون.

فەرھاد ئەتروشی، پارێزگاری دھۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی ڕووداوی ئێوارەی ئەمڕۆی چاکسازیی زڕکای شاری دھۆکی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لە زیندانی چاکسازیی زڕکای شاری دھۆک ژمارەیەک زیندانی کە بە ماددەی تیرۆر حوکم دراون ھەستاون بە نانەوەی پشێوی لە نێو زیندانەکە و ھەوڵی دوورخستنەوەی پۆلیسی چاودێریی ھۆلەکەیان داوە، ھەرچەندە پۆلیسی چاودێر ھەوڵی زۆری داوە ڕەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام حوکمدراوێک بە ناوی سەددام جاسم حەمدان، کە سێ جار بە ماددەی تیرۆر سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دەرگای ھۆڵی زیندانی شکاندووە و دواتر ھێرشیان کردووەتە سەر ھۆڵەکانی دیکەی زیندان و دەرگەی ھۆڵەکانیان شکاندووە."

پارێزگاری دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی زڕکا و پاسەوانەکان ھەوڵی زۆریان داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ھێرشەکە، بەڵام ڕەوشەکە لەدەست دەرچووە و شەڕ دروست بووە، بەو ھۆیەوە حەوت لە زیندانییەکان گیانیان لەدەست داوە و دوازدەی دیکەش بریندار بوونە و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان، ژمارەیەک پۆلیسی زیندانەکەش بریندار بوونە."

فەرھاد ئەتروشی دەڵێ: " پێشبینی دەکرێت ئەو زیندانییانە کە بەشێکی زۆریان عەرەبن و بە ماددەی تیرۆر حوکم دراون ھەوڵی ڕاکردنیان داوە، تا دەرگەی سەرەکیی زیندانەکە بشکێنن و ھەڵبێن لەدەست یاسا، ئەم ڕووداوانە لە زۆر وڵاتی دیکەش ڕوویان داوە و ھیچ دەزگەیەکی ئێمە کەمتەرخەم نەبووە."

پارێزگاری دھۆک ڕوونی کردەوە: "زیندانی زڕکا یەکێکە لە زیندانە گەورە پێشکەوتووەکانی کوردستان و عێراق بە شایەتیی لایەنە چاودێر و نێودەوڵەتییەکان بە شێوازێکی سەردەمیانە بەڕێوە دەبرێت، بەڵام تەنیا لەو بەشەیدا ھەزار و ٤٠٠ زیندانیی زیاتر تێدایە، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و پێویستی بە شوێنی گەورەتر ھەیە."

لە کۆتاییی قسەکانیدا پارێزگاری دھۆک گوتی: "ھەموو ڕێوشوێنێک گیراوەتە بەر بۆ لێکۆڵینەوە، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە لەگەڵ دادگای دھۆک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن و سزای بکەرانی ڕووداوەکە دەدەن، چونکە بێ ئەوەی ھیچ شەڕێک دروست بێت بە ھۆی نانەوەی پشێوی و ئاگر و دۆکەڵەوە حەوت زیندانی گیانیان لەدەست داوە، لە ڕۆژانی دابێ ناسنامەی قوربانیان ئاشکر دەکەین."

قائید میرۆ