Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان

هەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی لە پەیامیدا بە بۆنەی چل و دووهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان رایگەیاند كە ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی، بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی چل و دووهەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو تێكۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەكان و ئەو نیشتیمانپەروەرانە دەكەم كە ماندوویەتی و ئاوارەییان چێشتووە و قوربانیان داوە.

شۆڕشی گوڵان پەیامی خۆبەدەستەوەنەدانی گەلی كوردستان و هەستانەوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی بوو دژی ستەم و داگیركاری و دیكتاتۆری و پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیشی بۆ لەناوبردنی شۆڕشی كورد لە گۆڕ نا. ئەو شۆڕشە درێژەپێدەری شۆڕشەكانی پێشوو و قۆناغێكی گرنگ بوو لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان.
شۆڕشی گوڵان هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان. ئەو شۆڕشە سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر.

لەو یادە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانەتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەكەیان بەدیهێناوە.

لەو یادەدا ئەوە دووپات دەكەینەوە كە ئیرادەی گەلی كوردستان بەهێزە و سەرباری بوونی پیلانگێڕی بەڵام بە ئیرادەیەكی بەرزتر لە جاران تێدەكۆشی بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی و بەردەوامی لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و پێشكەوتنخوازی.

مەسعوود بارزانی

٢٦ـی ٥ـی ٢٠١٨