Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شۆڕشی گوڵان لەناو جەرگەی نائۆمێدیدا به‌رپا كرا

 

هه‌ولێر-KDP.info-  لە 26ـی گوڵانی 1976 و بە فەرمانی بارزانیی نەمر، شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوكردنی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان، یەكەم بڵێسەی دا و كاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەكەمانی درێژە پێدا.

بە بڕوای پێشمەرگەكانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز، شۆڕش لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە نائومێدییەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو، شۆڕشی گوڵان هێز و توانایەكی دیكەی دایە بەر گەلی كورد، ئەو شۆڕشە بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتەوە مەیدان.
خەلیل عیسا، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی  ئەیلوول و گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، شۆڕشی گوڵان بەردەوامیدان بوو بە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەكانی دیكەی گەلی كورد، ''دوژمن وای لە ئێمە كردووە كە بەردەوام دژی بوەستینەوە، بۆیە ئەو هیوا و ئاواتەی زیندوو كردەوە، كە لەو ساتە هەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو كە گشت ناحەزانی كوردی سەرسام كرد و ئۆمێدێكی گەورەشی بە گەلەكەمان بەخشی.''

''یەكڕیز بن''
غەفوور حاجی، پێشمەرگەیه‌كی دیكه‌ی شۆڕشی گوڵانه‌ و بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "شۆڕشی گوڵان لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە نائومێدییەكی گەورە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتبوو، ئەو شۆڕشە بە نەفەس و بیركردنەوەیەكی نوێوە هاتە مەیدانەوە، ئەمڕۆیش خەبات دەكەین تاكو هەرێمەكەمان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر هەنگاو بنێت، بۆیە لەو یادە پیرۆزەدا داوا لە هەموو خەڵكی هەرێم و لایەنەكان دەكەم، یەكڕیز بن و پشتگیری لە بڕیار و هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بكەن تاكو پێكەوە سەربەخۆیی یەكجارەكی بەدەست بهێنین.''

شۆڕشی گوڵان وەڵامده‌رەوەی ئەو پیلان و  گەلەكۆمەكێیە بوو كە لە دوای پیلانی جەزائیری ساڵی 1975 دەرحەق بە گەلی كورد كرا، چونكه‌ به‌ نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ڕەشبینیەك دروست ببوو و دوژمنانی كورد بەتایبەت ڕژێمی بەعس وای نیشان دا كە شۆڕشی كورد كۆتایی پێهاتووه‌، حكوومەتی ئه‌وسای عێراق بە تەما بوو هەرێمی كوردستان هەمووی خاپوور بكات.

 

''شۆڕشی گوڵان ئومێد بوو''
میران مووسا كه‌ پێشمەرگەی ئه‌و سه‌رده‌م و دۆخه‌ بووه‌ بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "لە راستیدا ڕەگی شۆڕشگێری و توانایی سەركردایەتیی سیاسیی كورد لەو ئاستەدا بوو، توانی بۆ ماوەیەكی زۆر كورت ئەو رەشبینییە له‌به‌ین ببا و ئۆمێدێك بداتەوە نەتەوەی كورد، ئەوە بوو لە ڕۆژی 26ـی گوڵانی 1976 یەكەم ئاگری بڵێسەی شۆڕش لە شاخەكانی كوردستان دەستپێكرد.''

ساڵح شەریف، پێشمەرگەیەكی دیكەی هەمان شۆڕش بووه‌، ئه‌و ئێستا به‌ساڵدا چووه‌ و زۆر بە زەحمەت بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان دوا و گوتی: "لە دەستپێكی شۆڕشی گوڵاندا، شەهید ئیدریس بە نهێنی، پێشمەرگە و جەماوەری كۆ دەكرده‌وە. شەهید ئیدریس و سەرۆك بارزانی هەمیشە بۆ خەڵك و پێشمەرگەیان روون دەكردەوە كە دەبێ‌ بۆ دوژمن بسەلمێنین ئێمە لە پێناو ئازادی و رزگاریی خەڵكی كوردستان هەمیشە شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕین، ئه‌وان ئامۆژگاریی ئێمەیان دەكرد كە دەبێ‌ هەموو كاتێك پێكەوە ئامادە بین بەرگری لە كوردستان بكەین.''

ڕابین شێروانی