Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئە‌ندامێكی شاندی پارتی: ئه‌مڕۆ وێنه‌یه‌كی راسته‌قینه‌مان له‌ به‌غداوه‌ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت

 

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا، گوتی: "كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنەكان بەردەوام دەبن و ئەمڕۆیش لەگەڵ ئەیاد عەللاوی و حەیدەر عەبادی و سەرۆككۆمار و شاندی یەكێتیدا كۆ دەبینەوە". دەشڵێ، پارتی چەندین جار دەستپێشخەریی كردووە بۆ دروستكردنی كۆدەنگی لە هەرێم، بەڵام لایەنەكان وەڵامیان نەبووە، بۆیە پارتی سەردانی بەغدای كردووە.

شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەردانی بەغدای كردووە و تاوەكوو ئێستایش چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجام داون.

ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا، شوان محەممەد تەها، پێوەست بەو سەردانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆبوونەوەكانمان بەردەوامن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و ئەمڕۆیش چەندین كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام دەدەین، لەوانە، لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەیاد عەللاوی و سەرۆككۆمار، رەنگە كۆبوونەوەیەكیش لەگەڵ شاندی یەكێتی لە بەغدا ئەنجام بدەین و سبەینێ و دووسبەییش كۆبوونەوەكان هەر بەردەوام دەبن".

تەها گوتیشی: "دەمانەوێت بزانین تێڕوانینی لایەنە شیعە و سوننەكان بە چ ئاقارێكدا گوزەر دەكات و، ئێمە تێڕوانینی خۆمان هەیە لەسەر ئاییندەی عێراق و سیستمی حوكمڕانی، چونكە یەكێك لە كێشە گەورەكانی عێراق، سیستمی حوكمرانیە كە زۆر ناتەندروست بووە و زۆر پێداگریمان لەسەر ئەوە كردووە ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان بكرێت، چ میكانیزمێك هەیە بۆ ئەوەی بتواندرێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارە بكرێن و، پەرلەمان نەكرێتە دەزگایەكی حیزبی و نەبێتە شوێنێك بۆ پێكانی لایەنەكانی دیكە، چونكە پەرلەمانی رابردوو میسداقییەتی لە دەست دابوو".

ئەو ئەندامەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەشڵێ: "لە ڕووی دەستوورییەوە داوامان كردووە كە پێویستە پابەندبوون بە دەستوور هەبێت و دەمانەوێت پڕۆژەیەك لە ژێر دەستدا هەبێت كە چۆن جێبەجێ دەكرێت و چ لیژنەیەك سەرپەرشتی دەكات، بۆ ئەوەی ئەو رێككەوتنانەی دەكرێن، جێبەجێ بكرێن، چونكە لە ماوەی رابردوودا چەندین رێككەوتن كراون و هیچیان جێبەجێ نەكراون، بۆیە تا ئێستا كۆبوونەوەكان باش بەڕێوە چوونە و ئەمڕۆیش وێنەیەكی راستەقینەمان بۆ دەردەكەوێت كە قەوارە سیاسییەكان چییان لە هەگبەدایە".

راشیگەیاند: "نزیكبوونەوەی ئێمە لە هەر لایەنێكی سیاسی ئەوەیە، كە ئەو پڕۆژەیەی ئێمە هەمانە، كێ قبووڵی دەكات، ئەویش ئەوەیە شەراكەتی راستەقینە چ لایەنێك جێبەجێی دەكات، بەڵام زۆر لایەن پێشتر بەڵێنیان داوە و جێبەجێ نەكراوە، بۆیە ئەم جارە بە دوای میكانیزمێكدا دەگەڕێین كە بەرنامەی حكوومەتی ئاییندە چۆن جێبەجێ دەكرێت".

سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنها سەردانی بەغدای كردووە، ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی: "پارتی دیموكراتی كوردستان چەندین جار نامەی پێشكەشی لایەنەكان كردووە، كە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەیەكەوە دانیشتن بكرێت و هیچ  وەڵامێك نەبووە، بۆیە پارتی دەستەوەستان ناوەستێت و پارتی یەكەمە و مافی خۆمانە بچینە بەغدا و دەرگاشمان هەمیشە كراوەیە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت كۆدەنگی هەبێت".

 

بڵند ئیبراهیم