Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بازیانی: ھەموو کوتلەکان بۆ دروستکردنی حکوومەت پێویستیان بە کوردە

 

هەولێر-KDP.info- ئەنجامی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بالانسی ھێزی پەرلەمانی گۆڕی بە جۆرێک کە ئێستا بەبێ ھاوپەیمان ھیچ کوتلەیەک ناتوانێ حکوومەتی نوێی عێراق بەتەنیا دروست بکات، وەک سەرۆکی سەنتەری ھودا بۆ لێکۆڵینەوە ڕوونی کردەوە، ھەر کوتلەیەک بیەوێ حکوومەتی نوێی عێراق دروست بکات پێویستی بە کوردە و بەبێ کورد سەرناگرێت.

 

د.محەمەد بازیانی، سەرۆکی سەنتەری ھودا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھیچ کوتلەیەک نەگەیشتووەتە ڕێژەی تەواوی کورسی، لەبەر ئەوە سەدر، خۆیشی ئاماژەی بۆ کرد ئەگەر حکوومەتی داھاتووی عێراق تەکنوکرات نەبێت، ئەوە خەڵک بێزارە لە حکوومەتی مەزھەبی و  زۆرینە، پێ دەچێت سەدر بە ھاوپەیمانی لەگەڵ کورد و بەشێکی شیعە و سوننەکان حکوومەتی نوێی عێراق دروست بکات، من بەدووری نابینم حەیدەر عەبادی ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، یان کەسێکی نزیک لە سەدر پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەردەگرێت، بە مەرجێک لای ئەمریکاش پەسەند بێت."

 

کورد وەک پێکھاتەیەکی سەرەکی و گرنگی عێراق لە پێکھێنانی حکوومەتەکانی ڕابردوو لە عێراق ڕۆڵی ھەبووە، بەھۆی ڕێژەی کۆرسییەکانییەوە پێ دەچێت ئەم جارەش کورد شوێنپەنجەی لە حکوومەتی عێراقدا دیار بێت، وەک سیروان سیرینی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێنج ھاوپەیمانی لە عێراقدا ھەن، کە چەند ھێزێک خۆیان کۆ کردووەتەوە و ھاوپەیمانیان پێک ھێناوە، بەڵام  وەک حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم حزبە لەسەر ئاستی عێراق لە ڕووی بەدەستھێنانی متمانەی دەنگدەرانەوە و ھیچ ھێزێک بە تەنیا نەیتوانیوە وەک پارتی کورسی بەدەست بێنێت."

 

دکتۆر محەمەد بازیانی گوتی: "ھەر کوتلەیەک لە بەغدا بیەوێ حکوومەتی نوێی عێراق دروست بکات بێگومان پێویستی بە کوردە، بەڵام زۆر گرنگە کورد بە یەکگرتوویی بچێتە بەغدا، لەبەر ئەوەی شیعە خۆیان پەرتەوازە بوونە و پێویستیان بە کورد ھەیە بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانییەک، کە پێم وایە کورد و سەدر و عەبادیش دەبنە ھاوپەیمانی یەکتر، چونکە عەبادی پێشتر خەڵکێکی زۆری نزیک لە سەدرییەکانی لە زیندان ئازاد کردووە، واتە لێک نزیکبوونێک ھەیە لەنێوان سەدر و عەبادی."

 

دەڵێ: "لە نێو کوردا پێویستیان بە پارتی ھەیە، چونکە کورد جگە لەوەی خۆی ژمارەیەک کۆرسی ھەیە و ھێزەکان داوایان لێ دەکەن بۆ پێکھێنانی حکوومەت، بەڵام ھێزی سەرەکی ڕۆڵی خۆی دەبێت، ئێمەش ناڵێین بەتەنیا دەچین، ئەولەویەتی کاری پارتی لە بەغدا یەکگرتوویی و یەکھەڵوێستیمانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لە بەغدا."

 

قائید میرۆ