Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا.. تەنیا پارتی نەبێت، لایەنە عەرەبییەكانیش دەنگیان لە كورتی داوە

 
بەغدا-KDP.info-  بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا گوتی، دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، زۆر زیادی كردووە و، ریفراندۆمیش هۆكار بوو.
 
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەغدا كاندیدێكی هەبوو كە هاوپەیمان بوو لەگەڵ لیستی سائیروون بە ناوی "ئازاد حەمید شەریف" و توانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سەركەوتن بە دەست بێنێت.
بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا، شوان محەممەد تەها، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، بووینە خاوەنی كورسییەك لە بەغدا، چونكە كاندیدی ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا 6 هەزار و 550 دەنگی بە دەست هێناوە، بەمەیش بەراورد لەگەڵ رابردوودا، دەنگی ئێمە زۆر زیادی كردووە، چونكە لە هەڵبژاردنی رابردوودا تەنیا 5 هەزار دەنگمان هێنابوو".
 
تەها گوتیشی: "مەبەستی ئێمە زیاتر ئەوە نەبوو كورسییەك زیاد بكەین، بەڵكوو بوونی خۆمان لە بەغدا بسەلمێنین و، ئەمەش سەركەوتنی كوردە بێ كۆتا سەر بكەوێت و، ئەوە دەگەیێنێت كە كورد لە بەغدا بوونی هەیە، ئێمەیش وەكوو پارتی لە دوای ریفراندۆم جەماوەرمان زیادی كردووە و ئەگەر پارتی بەراورد بكەی بە پارتە كوردییەكان، جیاوازیی دەنگمان لەگەڵ ئەواندا گەلێك زۆرە، بۆیە دواجار كورسییەكی دیكە دەخرێتە سەر كورسییەكانی پارتی، بۆ ئەوەی داكۆكی لە كوردستانیان بە گشتی بكات".
 
بەرپرسی لقی 5ی پارتی، هەروەها باسی لەوەش كرد، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە "ریفراندۆمچییەكان" لە هەموو شوێنێك زیاتر بە گەرموگوڕی كاریان كردووە و لە هەموو شوێنێكیش دەنگیان زیادی كردووە، چونكە لە بەغدا تەنانەت لایەنە عەرەبییەكانیش دەنگیان لە كورتی داوە، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان نەبێت.
 
بڵند ئیبراهیم