Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆلیسی هەولێر: بكوژەكانی ژنەكەی بێستانە، هاوسەرەكەشیان كوشتووە

 

هه‌ولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیێنێت، دوێنێ بەر لە كوشتنی ئەو ژنەی كە لە بێستانە تەرمەكەی دۆزرایەوە، هاوسەرەكەشی بە دەستی باوكی و دوو برای ئافرەتەكە، كوژرابوو.

ڕائید هۆگر عەزیز گەڵاڵی، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، بۆ مێدیاكان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ كەسێك لە گەڕەكی "سەفین" كوژرا، پاش كەمتر لە دوو كاتژمێر، تەرمی ئەو ئافرەتەش لە ڕێگای بێستانە دۆزرایەوە كە دوێنێ وێنەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو ببووەوە و ناسنامەكەی نادیار بوو.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، ڕوونیشی دەكاتەوە، بۆ پۆلیس دەركەوتووە كە كوژرانی پیاوەكە، پەیوەندی بەو ئافرەتەوە هەیە كە ناوی (شاناز)ـە و هاوسەرەكەشی ناوی (ئارام عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان)ـە.

گەڵاڵی دەشڵێت، ئەو دوو هاوسەرە كە لەلایەن باوكی و دوو برای شانازەوە كوژراون، تەنیا هۆكار بۆ ئەو تاوانە قێزەونە، جیابوونەوەی ئەو دوو هاوسەرە بووە لە یەكتری، چونكە ئامۆزای یەكتر بوونە.

ئاماژەش دەدات، باوكی شاناز و دوو براكەی، بە گوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادان، فەرمانی دەستگركردنیان بۆ دەرچووە و، پۆلیسیش پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەكە كردووەتەوە و بەم زووانە زانیاریی وردتر بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەخەنە ڕوو.