Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خەسرۆ گۆران: دەستکاریی دەنگی ئاوارەکانی مووسڵ نەکراوە

ھەولێر-KDP.info- ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، گوایە پارتی دەستکاریی دەنگی ئاوارەکانی مووسڵی کردووە، کە لە کەمپەکانی کوردستانن، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتی ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت، دوورە لە ڕاستی، بەڵکو چاودێری کیانی سیاسیی ھەموو لایەنەکان ئامادەی لێک جیاکردنەوەی دەنگەکانن و فەرمانبەری عەرەبی بەغداش ئامادەی جیاکردنەوەی دەنگەکانە.

چەند دەنگۆیەک لە  ڕۆژنامەی سەر بە لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو بڵاوکراوەتەوە، گوایە بە ھۆی پارتییەوە دەیان ھەزار دەنگی کورد لە کەرکووک و دیالە فەوتاوە، لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری ھەڵبژارنەکانی لە پارێزگای کەرکووک نەکردووە، بە ھۆکاری شەرعییەتنەدان بەو داگیرکارییەی سەدا ٥١ی خاکی کوردستان، لە لایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبی داگیر کراوەوە و خەڵکەکەی ئاوارەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانن.

پەیوەست بەم دەنگۆیە بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، خەسرۆ گۆران، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە دیالە بەشداریی ھەڵبژاردنەکانمان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق کردووە، پارتی دەنگیشی ھێناوە، بەڵام ئەم جارە لە دیالە عێراقییەکان زۆر بە کەمی لە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ بەشداریی ھەڵبژاردنیان کردووە. لە زۆربەی پارێزگاکان، کەمتر بەشداریی دەنگدان کرابوو، لە دھۆک و لە ھەولێر و لە سلێمانی و تەنانەت لە بەغدا و لە مووسڵیش ڕێژەی بەشداریکردن کەمی کردووە."

گۆران گوتی: "ئەو لایەنانەی ناتوانن سەیری ئەو سەرکەوتن و ئەو پێشبینییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن. بۆیە دەست دەکەن بە تۆمەتبەخشینەوە و گومانخستنە نێو ھزری ھاووڵاتیان، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ و لە ھەولێر و لە دھۆک دەنگی یەکجار زۆری ھێناوە."

ئەو بەرپرسەی دەزگای ھەڵبژاردنەکان دەشڵێت: "خەڵک متمانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە، بۆیە خەڵکی کوردستان بە دەنگ پاداشتی پارتی کردەوە، چونکە لە پردێ خۆڕاگری کرد و نەیھێشت جەیشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە ئاوی زێی بچووک دەربازی نێو ھەولێر بن و، خەڵکی دھۆک پاداشتی پارتی داوە، چونکە لە شەڕەکانی مەحموودییە و زوممار نەیھێشت سوپا و حەشدی عێراقی لە ئاوی دیجلە دەرباز بن بۆ نێو دھۆک. پارتی دیموکراتی کوردستان پارێزگاکانی کوردستانی پاراست، بۆیە خەڵکیش متمانەی بە پارتییە و دەنگ دەداتە ئەو ھێزەی پارێزگاری لێ بکات."

پەیوەست بەو گرتە ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرابووەوە، کە گوایە سایلۆی ھەولێرە و پارتی دەستکاری دەنگی ئاوارەکانی مووسڵ و شەنگالی کردووە، خەسرۆ گۆران ڕەتی کردەوە و دەڵێت، دوورە لە ڕاستی و گوتیشی: "لە سایلۆی ھەولێر و لە کولیەی زەراعەی دھۆک دەنگی ئاوارەکانی مووسڵ هەیە، کە لە کەمپەکانی کوردستانن و جیا دەکرێنەوە."

ئەگینا بەڕێوەبەری ئۆفیسی باڵای کۆمسیۆنی ھەولێر و دھۆک خۆیان لەم شوێنانەن، بەجێگرەکانیشانەوە و دەستەی ھەرێم و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لەوێن و فەرمانبەری عەرەبی بەغدا خۆیان لەوێن و چاودێری ھەموو لایەنە سیاسییەکان لەوێن، ھەر کیانێکی سیاسی بۆی ھەیە چەندین چاودێر و بریکاری لەو شوێنانە ھەبێت و لەوێش ئامادەن."

گۆران دەشڵێت: "بە ھیچ شێوەیەک نەمانھێشتووە ھیچ لایەنێکی سیاسی دەستوەردان لە کاروباری کۆمسیۆن بکات، بە پێچەوانەوە، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان چەند گلەییەکمان لە کۆمسیۆن ھەیە، دەربارەی ھەندێک بابەت."

فایزە کۆیی