Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندێکی پارتی لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وارشۆدا بەشداری کرد

وارشۆ-KDP.info- بە بانگهێشتێکی فەرمیی سەنتەری کۆلێگیۆم سیڤیتاس بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسی تیرۆریزم و بە هاوکاریی کۆڕبەندی لاوانی دیپلۆماتی پۆلۆنیا و بەشی کوردیی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی یاگێلۆنسکی و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لەو وڵاتە، ڕۆژی 14-5-2018 شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆكایەتیی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەوی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە بوون لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وارشۆ.

لە کۆنفرانسەکەدا چەندین کەسایەتیی سیاسی و و توێژەری ئەکادێمی و پسپۆڕ لە چەندین بواری جیاوازدا لە زانکۆ و ناوەندە گرنگەکانی توێژینەوەی ئەکادیمی و ستراتیژی لە ناوخۆی پۆلۆنیا و لە وڵاتانی تری ئەوروپایی و لە کوردستانیشەوە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د،ک) بانگهێشتی سێیەمین کۆنفرانسی وارشۆ کرابوون. ئەم کۆنفرانسە تایبەتمەندیی خۆی هەبوو، کە ئامانج لێی تاوتوێکردنی ڕۆڵی کورد بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕوانگەی توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی و ستراتیژی و ئاسایش و بەرگری و کەلتوور و گەشەسەندنی هەستی نەتەوەییی کۆمەڵگای کورد و خستنەڕووی سیاسەت و ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان لە دیدگای ئەکادیمییەوە و تاوتوێکردنی ئیستا و ئایندەی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشناییی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و خۆگونجاندنی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕکردنی قەیرانەکانی دوای تێکشکاندنی ڕیکخراوی تیرۆریستیی جیهانیی داعش لە کوردستان و ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٥/٩/٢٠١٧ و ئەوگۆڕانکارییانەی لە سایەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە هەرێمی کوردستان سەریان هەڵدا و پێگەی هەرێمی کوردستانی خستە بەردەم هەڕەشە و مەترسیی جددییەوە خرانەڕوو. هەروا بە تایبەتیش ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و گۆڕانکارییەکان لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا دوای یەکلاییبوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و پرسی کورد لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسی و ئابووری و کەلتوورییەکان و... هتدی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوە و پێشبینییەکان بۆ ئایندەی پەیوەندییە فیدڕالییەکان لە نێوان هەولێر و بەغدادا و چەندین بابەتی تری سیاسی و زانستی لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کران. لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وارشۆدا شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەراوێزی پەنێلی سێیەمدا، کە تایبەت بوو بە ئاسایش و بەرگری، هۆشیار سیوەیلی بابەتێکی بەپێزی لە ژێر سەردێری "ئایندەی هەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆم" پێشکەش کرد .

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، ئایندەی هەرێمی کوردستان دوای ڕیفراندۆمی لە دیدگا و تێڕوانینی پارتییەوە لە کۆنفرانسی وارشۆ پێسکەش بە بەشداربووان کرد و ڕایگەیاند :

دوای ئەوەی بەریتانیا و فەرەنسا ڕێککەوتنامەی سایکس پێکۆیان لە گەرمەی یەکەم شەڕی جیھانیدا ئیمزا کرد و ڕۆژھەڵاتی ناڤینیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کرد، بەریتانیا ئەم عێراقەی ئەمڕۆی لە دوای ئەو شەڕەوە دروست کرد. ئەوەی ئەمڕۆ بە کوردستانی عێراق ناسراوە پێچەوانەی خواستی گەلەکەی و بە زۆر لکێنراوە بە عێراقەوە، کە بۆ ماوەی سەد ساڵ لە مافی نەتەوەیی بێبەش کراوە. لە دروستکردنی عێراق و دابەشکردنی کوردستانەوە تا ئێستا بۆ یەکەم جار کوردستانی عێراق لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا ڕیفراندۆمی ئەنجام دا بۆ ئەوەی تەعبیر لە ویستی خۆی دەربارەی ئایندەی خۆی بکات، ھەرچەندە ٪‏٩٣ی خەڵکی کورستان مانەوەیان لە ناو دەوڵەتی عێراقدا ڕەت کردەوە و دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، دنیای ئازاد، ئەو دنیایەی سیستەمی دەوڵەتی نەتەوە دیاریکردنی مافی چارەنووسی ھێنایە ئاراوە، پشتگیریی ئەو ئیرادە ئازادەی نەکرد و دژی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردستان وەستا بە ھەمان شێوەی سەد ساڵ لەمەوبەر.

دوای ئەنجاندانی ڕیفراندۆم حکوومەتی عێراق پشتئەستوور بە ھەڵوێستی دوژمنکارانەی دەوڵەتانی دراوسێ و نەبوونی پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ ڕیفراندۆم بە گوللە و ئاگر وەڵامی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی دایەوە و ھێرشی کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەو ناوچانەی کە یان پێشمەرگە لە چنگی داعش ڕزگاری کردبوون، یان پێشتر پێشمەرگە چووبووە ئەو ناوچانە تا لە پەلاماری داعش بیانپارێزێ. دوای پیلانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە کشایەوە و بەرەنگارییەکی ئەوتۆی نەکرد. کاتێک حەشدی شەعبی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، ویستیان زیاتر بێنە پێشەوە و پەلاماری ھەرێمی کوردستان بدەن، سەرۆک مەسعوود بارزنی فەرمانی دایە ھێزی پێشمەرگە تا بەرەنگاری حەشدی شەعبی ببنەوە. لە ڕۆژانی ٢٠/١٠ و ٢٦/١٠ لە پردێ لە پارێزگای ھەولێر و سحێلا لە پارێزگای دھۆک ھێزی پێشمرگە ھێزەکانی حەشدیان تێکشکاند و چی تر نەیانتوانی پێشڕەوی بکەن. ئەم بەرگرییەی پێشمەرگە و گوشارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی فەرەنسا و ویلایەتە یەکگرتوەکان و یەکێتیی ئەوروپا و ڕووسیا ڕێگەی خۆش کرد بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە بری بەکارھێنانی ھێز.

لە دوای شەڕەکانی پردێ و سحێلاوە بەغدا و هەولیر توانویویانە هەندێک پیشکەوتنی کەم لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان بەدەست بهێنن بە تایبەتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم و خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران. هەرچەندە پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەسەند کرد، بەڵام بڕیاری داوە تا پەسەندکردنی یەکجارەکیی بودجە، مانگانە بڕی ٣١٧ ملیارد دینار بنێرێ بۆ حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی پێ بدات. هەرچەندە ئەمە زۆر کەمترە لەو بودجەیەی پێویستە بۆ هەرێم دابین بکرێت، بەڵام هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا و دەکرێت دوای پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق پێشڤەچوونی باشتر لەو ڕووەوە بەدی بهێنرێت.

دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکرێت کە کیشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا کێشەی دارایی نین و ئامادەنەبوونی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بنەمای هەموو کێشەکانە. ئەمەش کاتێک بە ڕوونی دەرکەوت کە ماوەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٧دا تەواو بوو بەبێ ئەوەی تەنانەت قۆناخی یەکەمی سێ قۆناخەکەی ناو ماددەکە، کە بریتین لە (ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و ڕیفراندۆم) جێبەجێ بکڕێت. گورزی دوەم کە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی درا بریتی بوو لە پەسەندنەکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٧دا، هەرچەندە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند کرابوو، کە ئەمەش پشتگوێخستنی ماددەی ١١٢ی دەستوور بوو. کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا قووڵتر بوونەوە، کاتێک سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نووری مالیکی لە مانگی شوباتی ٢٠١٤دا بڕیاری بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانی دا و کاتێکیش داعش لە مانگی ئابی هەمان ساڵدا هێرشی کردە سەر کوردستان، حکوومەتی عێراق بودجەکەی نەگێڕایەوە و هیچ هاوکارییەکی سەربازیشی پێشکەشی هەرێم نەکرد.

لەو کاتەی سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٧دا ڕۆژی ٢٥ ئەیلوولی دیاری کرد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ٥٥ ماددەی دەستوور کە ١٤٤ ماددەیە جێبەجێ نەکرابوو و هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ ڕیفراندۆم نەخرابووە بەردەم سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان. جێبەجێنەکردنی دەستوور لە لایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە هەر لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە بووە هۆی بنکۆڵکردنی ئەو متمانە و گەشبینییەی لە سەردەمی ئامادەکاری بۆ دەستوور لە ئارادا بوو. هەوڵنەدانی نوخبە سیاسییەکانی عێراق بۆ نەهێشتنی بێمتمانەییی خەڵکی کوردستان بە حکوومەتی فیدراڵی هیچ بژاردەیەکی لە بەردەم حکوومەتی هەرێم و حزبە سیاسییەکاندا نەهێشتەوە، جگە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.