Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کۆمسیۆن یەکشەممەی دابێ دەست بە تۆمارکردنی قەوارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

 

هەولێر-KDP.info- دوای دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولی دابێ، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە ڕۆژی یەکشەممەی دابێوە دەست بە تۆمارکردنی قەوارەکان دەکەن و حکوومەت بڕی ١٠ ملیار دیناریشی ناردووە بۆ کۆمسیۆن.

 

شیروان زرار، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەنجامدان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی ٣٠ی مانگی ئەیلوولی داھاتوو گەیشتووەتە کۆمسیۆن و ھەر ئەمڕۆ گوژمەی دە ملیار دیناریش گەیشتووەتە کۆمسیۆن بۆ خەرجی پڕۆسەکە، ئێمە ھەر ئەمڕۆ دەستمان بە خشتەی کارکردن کردووە بە مەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول، بڕیارە لە ڕۆژی یەکشەممەی دابێوە دەست بە کارەکانمان بۆ ھەموو ڕێکارەکانی ھەڵبژاردن بکەین، لەوانەش پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و تۆمارکردنی قەوارەکان و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ئێمە لایەنی جێبەجێکارین و پابەندین بەوەی لە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول ھەڵبژاردن بەڕێوە ببەین."

 

گوتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم گوتی: "ئەرکی ئێمە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی شەفاف و بێ کێشەیە و ڕەوشی سیاسی چۆنە و چۆن نییە ئەوە پەیوەندی بە لایەنەکانەوە ھەیە و کۆمسیۆن پەیوەندی بەسەر ئەو پرسەوە نییە، دەمانەوێ پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەین و ھەوڵ دەدەین ئەو گرفتانەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕووی دا ئەزموونی لێ وەربگرین و دووبارە نەبنەوە."

 

شیروان زرار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لەبەردەم کۆمسیۆندا نییە، تەنیا دەخوازین حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارمان بێت لەوەی تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە و وەزارەتەکان ھاوکار بن، چونکە پێویستمان بە داتای ھەندێ وەزارەت ھەیە، لەوانەش تەندروستی و پێشمەرگە و ناوخۆ و دادگاکان."

 

ھەر پێوەست بە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران زرار ڕوونی کردەوە: "کاری تێدا کراوە و تا ئەو ھەڵبژاردنە بەڕێوە دەچێت پڕۆسەی پاککردنەوەی تۆماری ناوی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئاماری کۆتاییم لەبەردەست نییە، چونکە ڕۆژانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە تا پێمان بکرێت تۆماری دەنگدەران لە ناوی مردوو و دووبارە پاک بکەینەوە."

 

قائید میرۆ