Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەممەد خورشید: هێزێكی حەشد گەییشتوونەتە كەركووك.. مەبەستەكە روون نییە

 

كەركووك-KDP.info- هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی هاتوونەتە كەركووك و، بەرپرسی لقی 3ی پارتی لەو كه‌ركووك، رایدەگەیێنێت، ئەو هێزە مەزهەبییە میلیشیان و كۆنتتڕۆڵ نەكراون، تا ئێستایش نازاندرێت مەبەستیان چییە.

دوای ئاشكراكردنی ئەنجامە بەراییەكان لە شاری كەركووك، توركمان و عەرەبی سوننە و شیعە ناڕەزایەتییان دەربڕی، تا ئەوەی گەییشتە خۆپێشاندان و شەڕ لە نێوان هێزە چەكدارەكانی ئەو شارە و خۆپیشاندەران، كە برینداریشی لێ كەوتۆتەوە، محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی كەركووكی پارتی، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "چەند رۆژێكە بارودۆخی شاری كەركووك شڵەژانێكی زۆری پێوە دیارە، خۆپێشاندان و رێپێوان لە لایەن نەتەوە جیاوازەكانی شارەكەوە بەردەوامە و كار گەییشتووەتە ئەوەی تەقە لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارە و خۆپێشاندەردا دوێنێ ئێوارە رووی داوە و برینداریشی لێ كەوتووەتەوە".

خورشید، هێمای بۆ ئەوەیش كرد، كەوا رێگری لە گواستنەوەی سندووقەكانی دەنگدان لەو شارە هەیە، لە لایەكی تریشەوە هەر یەكە لە شیعەكان و سوننەكان و توركمانەكان پێیان وایە ستەمیان لێ كراوە، گوتیشی: "شەوی رابردوو لە نزیك (معهد تقنی) تەقە لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی كەركووكدا رووی داوە و برینداریش هەبووە".

محه‌ممه‌د خوڕشید پێشی وایە، گەییشتنی هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی بۆ ناو شارەكە، ئەوە هۆكارەكەیەتی، وەكخۆی ئاماژەی پێ كرد، تا ئێستا نازاندرێت، كە ئایا ئەو هێزە میلیشیایە بۆ پاڵپشتیی خۆپێشاندەران و شیعە ناڕازییەكان هاتوون، یاخود بۆ بردنی سندووقەكانی دەنگدان.

سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە لە رێی دەستییەوە، خورشید رەتی كردەوە هیچ بڕیارێكی لەو جۆرە هەبێت، تەنیا لە راگەیاندنەكانەوە ئەو دەنگۆیە هەیە، نەك لە راستیدا وەها بڕیارێك هەبێت.

دەرەنجامی هاتنی میلیشیا شیعەكان بۆ شاری كەركووك لە وەها ساتێكدا، محەممەد خورشید بە مەترسی دەزانێت و دەڵێت: "حەشدی شەعبی هێزێكی میلیشیایی كۆنترۆڵنەكراوە، بوونیشیان لە هەر شوێنێك، نانەوەی پشێوییە، بەڵام تا ئێستا مەبەستی هاتنی ئەو هێزە بۆ كەركووك دیار نییە".

 

خێڵان بەختیار