Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

له‌ كۆی ٥ پارێزگا، پارتی ٣٠ كورسیی مسۆگه‌ر كردووه‌

 

هه‌ولێر-KDP.info-  ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، كه‌ لە سنووری ٥ پارێزگادا، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ٣٠ كورسی بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ده‌ست هێناوه‌.

به‌گوێره‌ی زانیاریی سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو كه‌ له‌ نوێنه‌رانی پارتی له‌ بنكه‌كانی ده‌نگدان ده‌ستی كه‌وتووه‌، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد، كه‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن، لە سنووری ٥ پارێزگادا، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ٣٠ كورسی بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ده‌ست هێناوه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ن:

- دهۆک ٩ کورسی
ــ لە نەینەوا ٨ کورسی
ــ لە هەولێر ٩ کورسی
ــ لە سلێمانی ٣ کورسی
ــ لە دیالە ١ کورسی

ئەمڕۆ یەکشەممە 13-5-2018، شەش لایەنی کوردستانیی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، حزبی شیوعی و بزووتنەوەی ئیسلامین، لە بارەگای سەرەکیی هاوپەیمانی لە سلێمانی کۆ بوونەوە و ئەنجامی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەت کردەوە.

ڕۆژێك پێشتر و پاش چه‌ند سه‌عاتێك له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان گومانی خۆی له‌ ئه‌نجامه‌كانی پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌، نه‌شارده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو ده‌ستكاری ده‌نگی ده‌نگده‌ران كرابێت، هه‌روه‌ها بردنی سندووقه‌كانی ده‌نگدان گومانمان له‌سه‌ر ده‌ستكاریی ده‌نگه‌كان به‌ سوودی لانێكی دیاریكراو زیاتر ده‌كات.
  پارتی له‌ ڕاگه‌یێندراوه‌ فه‌رمییه‌كه‌یدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ ''ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی راگه‌یه‌ندراو قبووڵكراو نین و، داوا ده‌كه‌ین پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بكرێ و، ئه‌گه‌ر پڕۆسه‌ی ژماردن به‌ ده‌ست له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان ئه‌نجام بدرێ به‌ كارێكی باشی ده‌زانین، تا گومانی هه‌موو لایه‌ك بڕه‌وێته‌وه‌ و ئه‌من و ئاسایش و سه‌قامگیری پارێزراو بێ.''

سه‌عات 7ی سه‌رله‌به‌یانیی دوێنێ شه‌ممه‌١٢\٥\٢٠٨، پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان و عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ستی پێكرد، سه‌عات 6ی ئێواره‌ش به‌ كاتی هه‌ولێر، پرۆسه‌كه‌ به‌ كۆتا هات و وه‌ك كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقیش ڕایگه‌یاند، 48 سه‌عات دوای كۆتاییهاتنی پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجامه‌كان راده‌گه‌ێنرێن.